رووداو دیجیتاڵ
سوێد توانی ئامانجە مێژووییەکەی بپێکێت و ببێتە یەکەم وڵات لە جیهاندا کە نازناوی "بێ دووکەڵ" وەربگرێت، ئەوەش دوای ئەوەی رێژەی جگەرەکێشان لەنێو دانیشتووانەکەیدا بۆ خوار 5% دابەزی.
بەگوێرەی راپۆرتێکی نوێی ئەنجوومەنی زانیاریی ماددە کحولییەکان و ماددە هۆشبەرەکان لە سوێد، رێژەی جگەرەکێشانی رۆژانە لەو وڵاتەدا لە 16%ـەوە لە ساڵی 2023 بۆ 4.8%.
لە ساڵی 2025 دابەزیوە. بەپێی پێوەرە جیهانییەکان، هەر وڵاتێک رێژەی جگەرەکێشانی تێدا کەمتر بێت لە 5%، وەک وڵاتێکی "بێ دووکەڵ" (Smoke-free) دەناسرێت.
ئامارەکان نیشانی دەدەن کە هەموو چین و توێژەکان وەک یەک نین لە وازهێنان لە جگەرە؛ ئەو ژنانەی تەمەنیان لە نێوان 50 بۆ 84 ساڵدایە، لەنێو کۆمەڵگەی سوێدیدا بە گەورەترین گرووپی جگەرەکێش دەمێننەوە و رێژەکەیان 6%ـە.
شارەزایان دەڵێن سەرکەوتنی سوێد لە بنبڕکردنی جگەرەکێشان بۆ بەکارهێنانی بەرفراوانی ماددەی "سنوس" (Snus) دەگەڕێتەوە، کە جۆرە توتنێکی شێدارە و دەخرێتە ژێر لێوی سەرەوە.
توتنی سنوس لە ساڵی 1992ـەوە لە سەرجەم وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا قەدەخە کراوە، بەڵام سوێد کاتێک لە ساڵی 1995 بووە ئەندامی یەکێتییەکە، مەرجی دانا کە ئەو بڕیارە نەیگرێتەوە و رێگەی پێبدرێت بەکاریبهێنێت.
هەرچەندە دووکەڵی جگەرە کەمبووەتەوە، بەڵام بەکارهێنانی نایکۆتین بە شێوازی دیکەرووی لە زیادبوون کردووە. ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە:
- 24%ی سویدییەکان رۆژانە نیکۆتین بەکاردەهێنن (بە جگەرە، سنوس یان ڤەیپ).
- 19%ی دانیشتووان تەنیا ماددەی "سنوس" بەکاردەهێنن.
- فرۆشی ڤەیپ (جگەرەی ئەلیکترۆنی) لە نێوان ساڵانی 2021 بۆ 2024، 640% زیادی کردووە.
- فرۆشی سنوسی سپی (بێ توتن) 180% بەرزبووەتەوە.
لە راپۆرتەکەدا هۆشداری دراوە کە هەرچەندە زیانەکانی جگەرە روونن، بەڵام کاریگەرییە درێژخایەنەکانی سنوس و ڤەیپ هێشتا بە تەواوی نەزانراون. لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە ڤەیپ مەترسیی نەخۆشییەکانی سییەکان زیاد دەکات، هەروەها نیکۆتینی ناو "سنوسی سپی" کە بە تامی جیاواز بۆ راکێشانی سەرنجی گەنجان بەرهەم دەهێنرێت، رەنگە لە توتنی ئاسایی زیاتر بێت.
.jpg&w=3840&q=75)