رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای مێتا پلانێکی نوێی بۆ وەرگرتنی پارە لە بەرامبەر بەکارهێنانی تایبەتمەندیی نوێ لە ئەپڵیکەیشنەکانی فەیسبووک، ئینستاگرام و واتسئاپ راگەیاند، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ زیادکردنی سەرچاوەکانی داهاتی کۆمپانیاکە.
ناومی گلێیت، بەرپرسی بەرهەم لە کۆمپانیای مێتا، لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا ئاشکرای کرد کە خزمەتگوزارییەکانی (فەیسبووک پڵەس، ئینستاگرام پڵەس و واتسئاپ پڵەس) بۆ بەکارهێنەران لە سەرانسەری جیهان کارا دەکرێن. مێتا دەیەوێت لەرێگەی ئەم هەنگاوەوە تەنیا پشت بە داهاتی ریکلام نەبەستێت.
تێچووی بەشدارییەکان چەندە؟
بەگوێرەی راپۆرتەکان، نرخی بەشداریکردن لەو خزمەتگوزارییە نوێیانە بەم شێوەیە دەبێت:
- فەیسبووک پڵەس و ئینستاگرام پڵەس: 3.99 دۆلار بۆ هەر مانگێک.
- واتسئاپ پڵەس: 2.99 دۆلار بۆ هەر مانگێک.
مێتا ئاماژەی بەوەش کردووە، لە داهاتوودا هەموو ئەم خزمەتگوزارییانە لەژێر یەک ناودا بە ناوی (Meta One) کۆدەکرێنەوە.
بەکارهێنەران چی وەردەگرن؟
ئەو کەسانەی دەبنە بەشداربووی وەشانە "پڵەس"ەکان، چەندین تایبەتمەندییان بۆ دەکرێتەوە کە لای بەکارهێنەرە ئاساییەکان نییە، لەوانە:
- شیکاریی وردتر بۆ هەژمارەکان و ئاماری دووبارە بینینەوەی ستۆرییەکان.
- گەیشتنی بڵاوکراوەکان بە بینەرێکی زۆرتر.
- گۆڕینی دیزاینی پرۆفایل و بەکارهێنانی ستیکەری نایاب و میوزیکی تایبەت.
بۆچی مێتا ئەم بڕیارەی دا؟
ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە مێتا رووبەڕووی گوشارێکی زۆری وەبەرهێنەران بووەتەوە، چونکە تێچووی وەبەرهێنانەکانی لە بواری "ژیریی دەستکرد"دا زۆر بەرزبووەتەوە.
کۆمپانیاکە پێشبینی دەکات ئەمساڵ لە نێوان 125 بۆ 145 ملیار دۆلار لە ژێرخانی ژیریی دەستکرددا خەرج بکات.
دوای بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵەش، بەهای پشکەکانی کۆمپانیاکە بە رێژەی 3٪ بەرزبوونەوەیان بەخۆوە بینی.
پێشتر لە ساڵی 2023، مێتا وەشانێکی بێ ریکلامی بە پارە لە ئەورووپا راگەیاندبوو، بەڵام ئەوە زیاتر بۆ پابەندبوون بوو بە یاساکانی پاراستنی داتای یەکێتیی ئەورووپا، نەک وەک خزمەتگوزارییەکی جیهانیی پڵەس.
