رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی سوێد بە کۆی دەنگ، یاسایەکی نوێی بۆ قەدەخەکردنی هاوسەرگیری لەنێوان ئامۆزا، پورزا و خزمە نزیکەکان پەسند کرد. بڕیارەکە وەک هەنگاوێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی "چەوساندنەوە لەسەر بنەمای شەرەف" و هاوسەرگیریی بەزۆر ناودەبرێت.
یاسا نوێیەکە کە لە 1ی تەممووزی ئەم ساڵەوە جێبەجێ دەکرێت، گۆڕانکارییەکی ریشەیی لە یاسای خێزانیی ئەو وڵاتەدا دروست دەکات. ئەم کۆدەنگییە دەگمەنەی نێوان پارتە سیاسییەکانی ستۆکهۆڵم دوای ئەوە هات، بەڵگەی زۆر کۆکرانەوە لەسەر ئەوەی هاوسەرگیریی خزمایەتی زۆرجار پەیوەستە بە گوشاری خێزانی و سنووردارکردنی ئازادییەکانی تاک.
پێشتر لە سوێد، هاوسەرگیریی نێوان نەوەکان (وەک دایک و باوک لەگەڵ منداڵ) و خوشک و برا قەدەخە بوو، بەڵام بەگوێرەی هەمواری نوێی یاساکە، هاوسەرگیریی نێوان ئامۆزا و پورزا، هەروەها هاوسەرگیریی نێوان (مام و پور) لەگەڵ (برازا و خوشکەزا) بە تەواوی قەدەخە کرا.
سوێد چیدیکە دان بەو هاوسەرگیرییانەدا نانێت کە لە دەرەوەی وڵات لەنێوان خزمە نزیکەکاندا دەکرێن. ئەم خاڵە بۆ رێگرییە لەوەی خێزانەکان منداڵەکانیان ببەنەوە وڵاتەکانی خۆیان و لەوێ بە زۆر هاوسەرگیرییان پێ بکەن.
یاسا نوێیەکە دەڵێت، فەرمانگەکانی کۆچ و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان دەسەڵاتی تەواویان دەبێت بۆ لێکۆڵینەوە لەو داواکارییانەی نیشتەجێبوون کە گومانی هاوسەرگیریی قەدەخەکراویان لێدەکرێت.
حکومەتی سوێد ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم یاسایە بەشێکە لە هەڵمەتێکی فراوانتر دژی تووندوتیژیی خێزانی. لێکۆڵینەوەکانی ساڵانی 2023 و 2024 دەریانخستووە کە هاوسەرگیریی خزمایەتی لەنێو هەندێک پێکهاتەدا، وەک ئامرازێک بۆ پاراستنی سەرمایە و دارایی خێزان و سەپاندنی دەسەڵاتی باوکسالاری بەکاردێت.
