رووداو دیجیتاڵ بەریتانیا ساڵی داهاتوو لەسەر سنوورەکانی بە ژیریی دەستکرد تەمەنی ئەو کۆچبەرانە ئاشکرا دەکات تەمەنی خۆیان دەشارنەوە و خۆیان وەکو منداڵ دەردەخەن. تەکنەلۆژیایەکە لە رێگەی شیکردنەوەی ئەو وێنانەی لەسەر سنوورەکان دەگیرێن، خەمڵاندن بۆ تەمەنی کۆچبەران دەکات. وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا دەڵێت، تاقیکردنەوە سەرەتاییەکان ئەنجامێکی هیوابەخشیان هەبووە و دەستنیشانکردنی ئەو کۆچبەرە پێگەیشتووانە ئاسانتر دەکات کە "هەوڵ دەدەن فێڵ لە کەیسەکەیاندا بکەن". رێکخراوی "هیومان رایتس وۆچ" دژی پڕۆژەکەی بەریتانیایە و سیستمەکە بە "تەکنەلۆژیایەکی سەلمێنراو" ناودەبات و دەڵێت، مافە شایستەکانی منداڵان تێکدەدات. ئەو کۆچبەرە منداڵانەی کەسیان لەگەڵ نییە، لەبری سیستمی مافی پەنابەری، بە سیستمی چاودێری مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، ئەمەیش مانەوەیان لە وڵاتەکە ئاسانتر دەکات. ژمارەی ئەو کەسانەی بە بەلەمی بچووک لە کەناڵی ئینگلیز دەپەڕنەوە و دەچنە نێو بەریتانیا زیادی کردووە، ئەمەیش وایکردووە بەریتانیا پەنا بباتە بەر ئەم تەکنەلۆژیایە. تاوەکو کۆتایی مانگی حوزەیرانی 2025، بە تێکڕا 111،084 کەس داوای مافی پەنابەرییان لە بەریتانیا کردووە، ئەمەیش بە رێژەی 14٪ زیاترە لە ساڵی پێشوو. بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، لە ئاداری 2026، شەش هەزار و 400 کەس خۆیان بە منداڵ لە قەڵەم داوە بەڵام دوای پشکنین دەرکەوتووە 43٪یان پێگەیشتوو بوون. ساڵی رابردوو چەندین کەسی دیکەیش، وەکو پێگەیشتوو پۆلێن کراون، بەڵام دوای لێکۆڵینەوە و پشکنین، دەرکەوتووە منداڵن. ئەمە بەگوێرەی راپۆرتێکی پشکنەری سەربەخۆی کۆچبەری حکومەتی بەریتانیا. بەریتانیا ساڵی رابردوو پلانی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای ناسینەوەی رووخساری بە ژیریی دەستکرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم کێشەیە راگەیاند. لەو کاتەوە، وەزارەتی ناوخۆ خەریکی لێکۆڵینەوە بووە لە بەکارهێنانی ئەم تەکنەلۆژیایە و ئەم هەفتەیە گرێبەستێکی نوێ بە کۆمپانیای (Akhter Computers Ltd) درا بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە. ئامانجی بەریتانیا ئەوەیە لە نێوەڕاستی ساڵی 2027دا بەتەواوی جێگیر بکرێت. تێچووی گرێبەستەکە 322،000 پاوەند (432,647) دۆلار دەبێت لە ماوەی سێ ساڵدا. ئەلێکس نۆریس، وەزیری ئاسایشی سنوور و پەنابەری رایگەیاند، ئەو کۆچبەرە پێگەیشتووانەی "تەمەنیان بە هەڵە دەڵێن. سوودیان لە سیستمەکە وەرگرتووە و ئەو پاڵپشتییە گرنگانەیان لەو منداڵانە زەوتکردووە کە لە ژێر مەترسیدان." وەزیری ئاسایشی سنوور و پەنابەری دەڵێت، "دەمانەوێت دڵنیابینەوە لەوەی ئەو کەسانەی فێڵ لە سیستمەکە دەکەن دەستنیشان دەکرێن، دەستبەسەر دەکرێن و بەبێ دواکەوتن دەردەکرێن، و ئەوانەشی شایستەی پاڵپشتی و پاراستنن، مافەکەیان پێ بدرێت." وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا پێشتر تاقیکردنەوەی لەسەر وێنەی چەندین نەتەوە و رەگەزی جیاواز کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەنجامی تاقیکردنەوەکان بۆ بڕیاردانی راستەوخۆ بەکارنەهێنراون. پێشبینی دەکرێت ساڵی داهاتوو بۆ یەکەمین جار تەکنەلۆژیاکە لەسەر کەیسە راستەوخۆکانی داواکارانی پەنابەری لە سەنتەری "وێستەرن جێت فۆیل" تاقی بکرێتەوە، کە سەنتەرێکی فیلتەرکردنی کۆچبەرانە لە ناوچەی دۆڤەر. لە ئێستادا هەڵسەنگاندنی تەمەنی داواکارانی پەنابەری لە لایەن ئەفسەرانی راهێنراوی جێبەجێکردنی یاساکانی کۆچبەرانەوە ئەنجام دەدرێت، کە پشکنینی بەڵگەنامەکان، تیشکی ئێکس (X-ray) و پشکنینی ئێم ئاڕ ئای (MRI) بەکاردەهێنن. ئەم تەکنەلۆژیا نوێیەی خەمڵاندنی رووخسار وەک ئامرازێکی یارمەتیدەر کاردەکات بۆ هاوکاریکردنی ئەفسەرانی سەر سنوور لەو کاتانەی کە گومان لە تەمەنی کەسێک دەکرێت. بەگوێرەی حکومەتی بەریتانیا ئەم تەکنەلۆژیایە "کەمترین تێچووی" بۆ هەڵسەنگاندنی تەمەنی داواکارانی پەنابەری هەیە.