رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی ژاپۆن رایگەیاند، دەستیان کردووە بە بەکارهێنانی جۆرە درۆنێکی نوێ کە لە کارتۆن دروستکراوە. درۆنەکە تێچوویەکی زۆر کەمی هەیە و دەتوانرێت لە کاتی جەنگدا بە رێژەیەکی ئێجگار زۆر و بە خێرایی بەرهەم بهێندرێت.
شینجیرۆ کۆیزومی، وەزیری بەرگریی ژاپۆن لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، هێزە دەریاییەکانی وڵاتەکەی دەستیان کردووە بە بەکارهێنانی درۆنی (AirKamuy 150) کە لەلایەن کۆمپانیایەکی ژاپۆنییەوە پەرەی پێدراوە.
تایبەتمەندییەکان و تێچووەکەی
درۆنی (AirKamuy 150) لە کارتۆنی بەهێزکراوی دژە ئاو دروستکراوە. گرنگترین خاڵی بەهێزی ئەم درۆنە تێچووەکەیەتی؛ هەر یەکەیەکی تەنیا 2000 بۆ 2500 دۆلاری تێدەچێت. ئەمەش بەراورد بە درۆنە جەنگییە باوەکان کە تێچووی هەر یەکێکیان لە نێوان دەیان هەزار بۆ ملیۆنان دۆلاردایە، ژمارەیەکی زۆر کەمە. تەنانەت درۆنی (شاهێد)ـی ئێرانی کە بە درۆنێکی هەرزان ناسراوە، تێچووی هەر دانەیەکی دەگاتە 20 بۆ 50 هەزار دۆلار، واتە 10 هێندەی درۆنە کارتۆنییەکەی ژاپۆن.
له رووی تایبەتمەندییە تەکنیکییەکانەوە، ئەم درۆنە توانای هەیە مەودایەک لە نێوان 50 میل (نزیکەی 80 کیلۆمەتر) ببڕێت و بۆ ماوەی 80 خولەک لە ئاسماندا بمێنێتەوە، لە کاتێکدا کێشی بارەکەی دەگاتە نزیکەی 1.3 کیلۆگرام.
یەکێک لە گرنگترین لایەنە سەرنجڕاکێشەکانی، شێوازی گواستنەوەیەتی؛ بەهۆی ئەوەی پارچەکانی بە شێوەی تەخت پێکەوە دەندرێن، دەکرێت بە ئاسانی 500 دانەیان لە ناو یەک کۆنتێنەری بارهەڵگردا جێگای بکرێتەوە. هەروەها تەنیا 5 بۆ 10 خولەکی دەوێت بۆ ئەوەی پارچەکانی درۆنەکە پێکەوە ببەسترێن و ئامادەی فڕین بێت.
چەکێکی کاریگەر و "نەبیندراو"
ناوکی مۆریتا، سەرۆکی ئەندازیارانی کۆمپانیای (AirKamuy) دەڵێت، ئەم درۆنە تەنیا بۆ مەشق نییە، بەڵکو دەکرێت وەک "درۆنی بۆمبڕێژکراو" یان بۆ سیخوڕی و جەنگی ئەلیکترۆنی بەکاربێت.
یەکێکی دیکە لە تایبەیمەندییەکانی بەکارهێنانی کارتۆن ئەوەیە کە شەپۆلەکانی رادار بە ئاسانی نایدۆزێتەوە، ئەمەش وادەکات دەستنیشانکردنی لەلایەن سیستەمە بەرگرییەکانەوە زۆر زەحمەت بێت.
تاکومی یاماگوچی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە، بە میدیای ژاپۆنی راگەیاندووە، "ئەم مۆدێلە دەتواندرێت لە هەر کارگەیەکی ئاسایی کارتۆن بەرهەم بهێندرێت، ئەمەش وا دەکات لە کاتی جەنگدا بە خێراییەکی زۆر هەزاران دانەی لێ دروست بکرێت."
.png&w=3840&q=75)