رووداو دیجیتاڵ
کەکۆ بایباشین، کوڕی حوسێن بایباشین دەڵێت، دۆخی باوکی لە زیندان لە هۆڵەندا خراپە.
حوسێن بایباشین ساڵی 1998 لە هۆڵەندا بە تۆمەتی بازرگانی بە مادەی هۆشبەر و هەوڵدان بۆ کوشتنی خەڵک دەستگیرکرا. ساڵی 2002 دادگای هۆڵەندی سزای زیندانی تاهەتایی بۆ بڕییەوە.
بایباشین خەڵکی باکووری کوردستانە و لە یەکێک لە ماڵباتە ناسراوەکانی کوردستانە، هەمیشە ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵی رەتدەکاتەوە. پارێزەرەکەشی و کەسانی دیکەی ناسراویش لە هۆڵەندا دەنگی ناڕەزاییان بەرزکردەوە و گوتیان، ئەو بەڵگەنامەی ئەوکات بایباشینیان پێ حوکمداوە، لەلایەن تورکیاوە دروستکراون و راست نین.
بەڵام دادگای پێداچوونەوەی هۆڵەندا ساڵی 2018 هەموو تانەکانی بایباشین و پارێزەرەکەی رەتکردەوە. کەکۆ بایباشین لە پۆستێکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەڵێ، باوکی دوای ئەو هەموو ساڵە لە زیندان، خراوەتە ژوورێکی تاکەکەسی.
وەک کوڕەکەی باسی دەکات، لە کۆی 24 کاژێری شەو و رۆژ، 23 کاژێر لەو ژوورەدایە و هەفتانەش تەنیا 10 خولەک مافی پەیوەندیی تەلەفۆنیی هەیە، ئەویش تەنیا لەگەڵ پارێزەرەکەی، نەک ماڵباتەکەی.
کەکۆ دەڵێت، "باوکم تەنانەت مافی نییە قسە لەگەڵ من، کە کوڕە بچووکەکەیم، یان لەگەڵ دایکم، بکات."
