رووداو دیجیتاڵ
ڤلادیمیر پووتین دەڵێ: "هیچ کەسێک ناتوانێت بڵێ" سەرچاوەی ئەو درۆنە کوێیە کە لە رۆمانیا کەوتە خوارەوە. سەرۆکی رووسیا باس لەوە دەکات، وڵاتەکەی هیچ کات هەڕەشەی لە وڵاتانی ئەورووپا نەکردووە.
رۆژی هەینی، 29 ئایاری 2026، درۆنێک لەسەر باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە شاری گالاتی، رۆژهەڵاتی رۆمانیا، کە لە سنووری ئۆکرانیایە، کەوتە خوارەوە. رووداوەکە بووەهۆی برینداربوونی 2 کەس.
حکومەتی رۆمانیا، رووسیای تۆمەتبارکرد بە ئاراستەکردنی درۆنەکە و رووداوەکەی بە "زیادبوونێکی نابەرپرسیارانە و جیدی" گرژییەکان ناوبرد.
لە بەرامبەردا ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا گوتی، تاوەکو ئێستا هیچ بەڵگەیەک نییە مووشەکەکە رووسی بووبێ؛ گوتیشی لەوانەیە درۆنی ئۆکرانیا بووبێت و لە رێڕەو لایدابێت.
سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، مۆسکۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکات، ئەگەر پارچەکانی بدرێنەوە دەستی حکومەتی وڵاتەکەی.
هەرچەندە رۆمانیا چەندین جار لە ماوەی جەنگی ئۆکرانیا و رووسیادا مۆسکۆی تۆمەتبارکردووە بەوەی ئاسمانی وڵاتەکەی بەزاندووە، بەڵام ئەمە دەبێتە یەکەم جار کە درۆنیک ئاڕاستەی خاکی ئەندامەکەی ناتۆ و ئەندامی یەکێتی ئەورووپا بکرێ.
لە ئەنجامی هێرشەکەدا ژنێكی 53 ساڵ و منداڵێکی 14 ساڵ کە تووشی سووتانی جەستەبوون لە نەخۆشخانە خەوێندران.
هاوکات دیمیتری مێدڤێدیڤ، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی رووسیا، کە بە لێدوانە تووندەکانی بەرامبەر وڵاتانی ئەوروپا بەناوبانگە، گوتی پێویستە بە زوویی ئاشکرابکرێ کە چ لایەنێک هێرشی کردوەتە سەر رۆمانیا.
میدڤێدیڤ وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەورووپای بە "بەشدارە راستەوخۆکان" لە جەنگی دژی رووسیا ناوبرد و پێی گوتن "دەمتان دابخەن"، هەروەها هۆشداری بە ووڵاتانی ئەورووپا دا کە دەکرێ ئەم رووداوانە دووبارە ببنەوە.
لای خۆیەوە مارک رووتە، سکرتێری گشتی ناتۆ گوتی: "هەڵسوکەوتی بێباکانەی رووسیا مەترسییە بۆسەر هەموو لایەک."
ماتیۆ ویتەیکەر، باڵیۆزی ئەمریکاش بۆ ناتۆ سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکەی کرد و بە "بێباکانە" ناوزەندی کرد و ئاماژەی بەوەدا کە ئەمریکا "بەرگری لە هەموو بستێکی خاکی ناتۆ دەکات."
تێکچوونی پەیوەندییەکانی رووسیا و رۆمانیا
نیکوسۆر دان، سەرۆکی رۆمانیا کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجوومەنی باڵای بەرگری نیشتیمانی رێکخست بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەنجامەکانی هێرشەکە، کە بە "جیدیترین رووداو" ناوی برد لەو کاتەوەی شەری رووسیا و ئۆکرانیا لە ساڵی 2022 دەستی پێکردووە.
دان گوتی: "فەرمان دەکەین بە کاردانەوەی هاوشێوە دژی رووسیای فیدراڵ."
سەرۆکی رۆمانیا رایگەیاند، بریاریان داوە بەداخستنی کۆنسووڵخانەی رووسیا لە شاری کۆنستانتا و دەرکردنی کۆنسووڵ. ئەم هەنگاوەش رووسیای تووڕەکرد.
تاوەکو ئێستا دیار نییە ئایا رۆمانیا داوای هاوئاهەنگی بەپەلە دەکات یان نا، ئەوەش لە چوارچێوەی بەندی 4ی پەیماننامەی ناتۆ.
مادەی چوارەم بڕگەیەکە لە پەیماننامەی ناتۆ کە رێگە بە هەر وڵاتێکی ئەندام دەدات داوای راوێژی بەپەلە لەگەڵ هاوپەیمانەکانی بکات، هەرکاتێک یەکپارچەیی خاکی، سەربەخۆیی سیاسی، یان ئاسایشی وڵاتەکەی مەترسی لەسەر بوو.
