رووداو دیجیتاڵ
میدیاکانی ئێران رۆژی سێشەممە رایانگەیاند، سیستمی پێشکێشکردنی داواکاری بۆ تێپەڕبوونی کەشتییەکان بەنێو تەنگەی هورمزدا ئێستا بە تەواوی کارایە، ئەمەش رێگە بە خاوەن کەشتییەکان و کاپتنەکان لە سەرانسەری جیهان دەدات لە هەموو کاتێکدا بە شەو و رۆژ، داواکاری پێشکێش بکەن.
بەوپێیەش کەشتییەکان دەتوانن لەڕێگەی سیستمێکی ئەلیکترۆنییەوە داواکارییەکانیان بنێرن، کە دوای پەسندکردن مۆڵەتی تێپەڕبوونیان پێدەدرێت.
لە هەمان رۆژدا، هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، 24 کەشتی لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا بە هاوئاهەنگیی هێزەکانیان بەنێو تەنگەی هورمزدا تێپەڕیون.
بەپێی بەشی پەیوەندییە گشتییەکانی هێزی دەریایی سوپای پاسداران، کەشتییەکان دوای وەرگرتنی مۆڵەت، بە پشتیوانی هێزە دەریاییەکانی سوپای پاسداران بەناو ئەو رێڕۆ ئاوییەدا تێپەڕیون.



