رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی وزە و سامانە کانزاییەکانی ئوردن رایگەیاند، پار زیاتر لە 2.7 ملیۆن بەرمیل نەوتیان لە عێراقەوە هاوردە کردووە، بەڵام پرۆسەکە لە کۆتایی پارەوە راگیراوە.
لیندا عەبادی، گوتەبێژی وەزارەتی وزە و سامانە سروشتییەکانی ئوردن بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: ساڵی 2025 بڕی ئەو نەوتەی لە عێراقەوە هەناردەی وڵاتەکەی کراوە، دوو ملیۆن و 762 هەزار و 817 بەرمیل بووە، کە رۆژانە نزیکەی 10 هەزار و 505 بەرمیل بووە.
ئەو نەوتە لە کێڵگەکانی کەرکووکەوە بە رێگەی تەنکەر لە دەروازەی ترێبیل هەناردەی ئوردن دەکرا.
لیندا عەبادی گوتی: "هەناردەکردنی نەوتی عێراق بۆ ئوردن لە مانگی کانوونی یەکەمی 2025ـەوە راگیراوە."
بەگوێرەی رێککەوتنی هەردوو وڵات، هەر بەرمیلێک نەوتی هەناردەکراو بۆ ئوردن بە کەمتر لە 16 دۆلار لە نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان دەفرۆشرێت؛ بەشێک لەم کەمکردنەوەیە پەیوەندیدارە بە تێچووی گواستنەوەی نەوتەکە کە ئوردن لە ئەستۆی دەگرێت.
گوتەبێژی وەزارەتی وزە و سامانە سرووشتییەکانی ئوردن رایگەیاند، دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی عێراق پێویستی بە نوێکردنەوەی یاداشتی لێکتێگەیشتنی دەستبەرکردنی ئەو نەوتەیە لە نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی وزە و سامانە کانزاییەکانی ئوردن.
ئێستا عێراق زۆربەی نەوتەکەی بە بڕی 200 هەزار بەرمیل نەوتى رۆژانە لە رێگەی تورکیاوە هەناردە دەکات، بەهۆی ئاڵۆزی لە تەنگەی هورمز کە هەناردەکردنی لە رێگەی کەشتییەوە ئەستەم کردووە.
