رووداو دیجیتاڵ ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو رایگەیاند، ئەوان بە تووندی سەرکۆنەی هێرشە بەردەوامەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر کوێت دەکەن. هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە جەختی کردەوە کە مافی خۆیانە بەرگری لە خۆیان بکەن لە بەرامبەر هەر هێرشێک کە بکرێتە سەریان. ئەم هەڵوێستەی جاسم محەممەد بدێوی، دوای ئەوە هات کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 28ی ئایاری 2026، وەزارەتی بەرگریی کوێت ئاشکرای کرد کە سیستمەکانی بەرگریی وڵاتەکەی رووبەڕووی هێرشێکی درۆنی و مووشەکی بوونەتەوە. ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو ئاماژەی بەوە کرد، ئەوان پاڵپشتیی هەر رێکارێک دەکەن کە کوێت بیگرێتە بەر بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیرییەکەی. ئەو گوتیشی: "بەردەوامیی ئەم هێرشانە پێشێلکارییەکی روونی بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی و پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانە لەبارەی رێزگرتن لە بنەماکانی دراوسێیەتی." وەزارەتی دەرەوەی کوێت لە راگەیێندراوێکدا ئێرانی بە ئەنجامدانی هێرشەکان تۆمەتبار کرد و رایگەیاند، هێرشەکان بە مووشەک و درۆن بوون، ئەمەش وەک "پێشهاتێکی مەترسیدار و پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەریی خاکەکەی" ناوبرد. کوێت دەڵێت، مافی تەواوی خۆیانە رێکاری پێویست بگرنە بەر و چیدیکە لە ئاست ئەم جۆرە پێشێلکارییانەدا بێدەنگ نابن. ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو لە 6 وڵات پێکهاتووە کە کوێت یەکێکە لە ئەندامە چالاکەکانی نێو ئەو ئەنجوومەنە.