رووداو دیجیتاڵ
وەزیری گواستنەوەی عێراق، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی بەندەرەکانی عێراقی بۆ ماوەی 60 رۆژ لە کارەکەی دوورخستەوە. هاوکات گۆڕانکاریی لە پۆستی چوار بەڕێوەبەری دیکەی ناو وەزارەتەکەی کرد.
بەگوێرەی دوو بەڵگەنامەی فەرمی کە واژۆی وەهیب سەلمان حەسەنی، وەزیری گواستنەوەی عێراقیان لەسەرە و رۆژی 31ـی ئایاری 2026 دەرکراون، چەند بڕیارێکی نوێی کارگێڕی لە وەزارەتەکە دەرچوون.
لە یەکێک لە فەرمانە وەزارییەکاندا هاتووە، پاڵپشت بە یاسای سزادانی فەرمانبەرانی دەوڵەت، بڕیاردراوە بە دوورخستنەوەی فەرحان محێسن غەزیب فەرتووسی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی بەندەرەکانی عێراق، بۆ ماوەی 60 رۆژ لە کارەکەی.
لە هەمان فەرماندا، وەزیری گواستنەوە بڕیاریداوە عەلا عەبدولحەسەن عەلی عگێلی بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری کۆمپانیای گشتیی بەندەرەکان بە وەکالەت رابسپێرێت.
گۆڕانکاری لە چوار پۆستی دیکەدا
لە فەرمانێکی دیکەی وەزاریدا، وەزیری گواستنەوەی عێراق بڕیاریداوە چوار بەڕێوەبەری بەش لە "کۆمپانیای گشتیی گواستنەوەی دەریایی" بگۆڕێت، ئەوانیش:
1. بەشی دڵنیایی: یاسین عەبدولحوسێن حەمید لادرا و ئەحمەد جاسم محەممەد لە شوێنی دانرا.
2. بەشی گرێبەستەکان: حوسێن کەریم داوود لادرا و محەممەد عەلی عەبدولڕەزا خرایە شوێنی.
3. بەشی بریکاریی دەریایی: حەیدەر فەرحان حەموود لادرا و عودەی فەرەج عەزیز جێگەی گرتەوە.
4. بەشی بازرگانی: عەلی هادی عەبدولئەباس لادرا و محەممەد عەبدولئەمیر عەبدولکەریم دەستبەکاربوو.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی گواستنەوە، ئەم گۆڕانکارییانە لەپێناو "بەرژەوەندیی گشتی و کارگێڕیدا" دراون و لە رۆژی دەرچوونیانەوە جێبەجێ دەکرێن.
