رووداو دیجیتاڵ
3 چەکداری داعش لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە بیابانی بەعاج لە سنووری پارێزگای نەینەوا کوژران.
محەممەد جاسم کاکەیی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، رۆژی چوارشەممە، 3ـی حوزەیرانی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، نزیکەی 10 رۆژە ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوان لەلایەن سوپای عێراق و حەشدی شەعبی لە ناوچە بیابانییەکانی بەعاج و حەزەر بەڕێوەدەچێ.
وەک محەممەد جاسم کاکەیی دەڵێ، ئۆپەراسیۆنەکە دوای ئەوە هات کە رۆژی 24ـی مانگی رابردوو، لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێکی چێندراو بە هێزەکانی دژەتیرۆری عێراقدا، چوار ئەندامی دژەتیرۆر کوژران.
سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا گوتی: "ئێوارەی دوێنێ لە رووبەڕووبوونەوەیەکدا سێ چەکداری داعش کوژران کە خەڵکی ناوچەکە بوون".
بە گوتەی محەممەد جاسم کاکەیی، "ئەو بۆمبەی بە هێزەکانی دژەتیرۆردا تەقییەوە، بۆمبی کۆنی پاشماوەی داعش نەبوو، بەڵکو بۆمبی نوێ بوو و لەلایەن داعشەوە چێندرابوو".
هەر لەوبارەوە دەستەی حەشدی شەعبی لە راگەیێندراوێکدا گوتی، هێزێکی لیوای 60ـی سەر بە حەشدی شەعبی دوێنێ لە بیابانی بەعاج لە پارێزگای نەینەوا وەک تۆڵەیەک بۆ کوژرانی ئەندامانی دژەتیرۆری عێراق، سێ چەکداری داعشیان کوشت.
بەگوێرەی حەشدی شەعبی، یەکێک لە کوژراوەکان بەناوی (ح. ع. ع) بەرپرسی دابینکردنی پشتیوانیی لۆجیستی بووە لە ناوچەکانی جەزیرەی حەزەر و بەعاج.

