رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری دا لیژنەیەکی هاوبەش پێکبهێندرێ بە مەبەستی جیاکردنەوەی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق و کەتیبەکانی ئیمام عەلی لە دەستەی حەشدی شەعبی و رادەستکردنی چەکەکانیان بە دەوڵەت.
رۆژی چوارشەممە، 3ـی حوزەیرانی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، پێشوازی لە دوو شاندی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق و کەتیبەکانی ئیمام عەلی کرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، عەلی زەیدی سوپاسی هەریەکە لە قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق و شبل زەیدی، ئەمینداری گشتی کەتیبەکانی ئیمام عەلی کردووە بۆ ئەو هەڵوێستە "بەرپرسانەیە" و وەڵامدانەوەی رێنماییەکانی مەرجەعییەتی باڵای ئایینی، بە مەبەستی پشتگیریکردنی بەرنامەی حکومەت بۆ کۆکردنەوەی چەک لەدەستی دەوڵەت و کارکردن لەژێر فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان.
عەلی زەیدی لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاندووە: "عێراق ئەمڕۆ گۆڕانکارییەکی گرنگ بەخۆیەوە دەبینێت و سەقامگیرییەکی ئەمنیی گەورە بەدیهاتووە، ئەمەش وادەکات قۆناخی ئێستا قۆناخی بونیادنان و ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی گشتگیر بێت."
سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی: "حەشدی شەعبی یەکێک بووە لە هۆکارە سەرەکییەکانی بەدیهێنانی سەقامگیری، ئێستاش رۆڵەکانی کۆڵەکەیەکی سەرەکین لە پرۆسەی بونیادنان و گەشەپێدانی وڵات."
لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا لە دوو رۆژی داهاتوودا لیژنەیەکی هاوبەش پێکبهێندرێ بۆ دانانی میکانیزمێکی گونجاو بە مەبەستی جێبەجێکردنی رێکارەکانی جیابوونەوەی ئەو گرووپانە لە حەشدی شەعبی و کۆکردنەوەی چەکەکانیان لەدەستی دەوڵەت.
عەسائیبی ئەهلی حەق سێ لیوا و 11 فەوجی لەنێو دەستەی حەشدی شەعبی هەیە، کە لە پارێزگاکانی دیالە، سەلاحەدین و نەینەوا جێگیرن.
کەتائیبى ئیمام عەلى یەکێکە لە گرووپە چەکدارەکانى نێو حەشدی شەعبی، ساڵى 2014 بۆ شەڕکردن دژى رێکخراوى داعش دامەزرا.
بەرنامەی حکومەتی نوێی عێراق کە لەژێر دروشمی "دەوڵەتێکی سەقامگیر و ئابوورییەکی بەرهەمهێن" کار بۆ چوار ساڵی داهاتوو دەکات. لە یەکەم خاڵی بەرنامەکەدا ستراتیژیی حکومەت دیاریکراوە کە یەکێک لەوانە بریتییە لە کۆکردنەوەی چەک لەدەستی دەوڵەت، ئەمەش وەک هەنگاوێکی بنەڕەتی بۆ "سەپاندنی دەسەڵاتی یاسا و پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی" لە قۆناخی داهاتوودا ناسێنراوە.
