رووداو دیجیتاڵ
دۆسیەی ئەمنیی قەزای سامەڕا لە هێزەکانی "سەرایا سەلام"ەوە بۆ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپا گوازرایەوە. جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراقیش رایدەگەیێنێت، میکانیزمی بەستراوەیی ئەو هێزە بە حەشدی شەعبی هەڵدەوەشێندرێتەوە و راستەوخۆ بە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانەوە دەبەسترێنەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 4ـی حوزەیرانی 2026، لە رێوڕەسمێکی فەرمیدا لە سامەڕا، دۆسیەی ئەمنیی ناوچەکە رادەستی سوپا کرا. فەریق یەکەم روکن قەیس محەمەداوی، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، لیژنەیەکی هاوبەش کار دەکات بۆ سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا.
فەریق یەکەم روکن قەیس محەمەداوی ئاماژەی بەوە کرد، هەنگاوی یەکەم بریتییە لە تێکەڵکردنەوەی هێزەکان و رێکخستنەوەی کارەکانیان، بەجۆرێک کە "پەیوەندیی ئەم هێزانە لە رووی سەربازییەوە تەنیا لەگەڵ فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکاندا دەبێت" و میکانیزمی بەستراوەییان بە دەستەی حەشدی شەعبی نامێنێت.
تەحسین حەمیداوی، فەرماندەی "سەرایا سەلام" لە کاتی رادەستکردنی دۆسیەکەدا جەختی لە پابەندیی هێزەکانیان کردەوە و رایگەیاند، رێکارەکان بۆ زامنکردنی ئەرکە ئەمنییەکان بەردەوام دەبن.
رۆژی 27ـی ئایاری 2026، موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی نیشتمانیی شیعە، بڕیاری دا گرووپی چەکداریی "سەرایا سەلام" لە رەوتەکەی داببڕێت بۆ ئەوەی بە تەواوی ببنە بەشێک لە دامەزراوەکانی دەوڵەت. حکومەتی عێراقیش ئەم هەنگاوەی بە گرنگ وەسف کرد بۆ چەسپاندنی سەروەریی یاسا.
سەرایا سەلام کە زۆربەی هێزەکانی لە سامەڕا بوون، یەکەم گرووپە ئەم هەنگاوە دەنێت. هاوکات، هەریەک لە "عەسائیب ئەهلی حەق" و "کەتائیبی ئیمام عەلی" لیژنەی هاوبەشیان بۆ جیاکردنەوەیان لە حەشدی شەعبی پێکهێناوە.
ئێستا دانوستاندنی ناڕاستەوخۆ لەنێوان حکومەت و بەشێک لە گرووپە چەکدارەکانی دەرەوەی حەشد هەیە، بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی چەکەکانیان و رێکخستنەوەیان لە چوارچێوەی دامەزراوە فەرمییەکاندا.



