رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق دەڵێت، بەهۆی بارانی زۆر و توانەوەی بەفر، عێراق بە تەواوی لە "بازنەی مەترسیی وشکەساڵی" دەرچووە و ئاوی کۆگەکراوی ستراتیژیی وڵاتیش بەراورد بە پار شەش هێندە زیادی کردووە. لەبارەی بەنداوەکانیش ئاماژە بەوە دەکات کە 80٪ی توانای کۆگەکردنیان پڕبووە.
رۆژی پێنجشەممە، 4ی حوزەیرانی 2026، خالید شیمال، گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو شەپۆلە ئاوەی کە لە رۆژانی رابردوودا لە تورکیاوە بەرەو سووریا دەهات "بڕەکەی 1800 مەتر سێجا" بووە لە چرکەیەکدا، ئەوەی ئێستا گەیشتووەتە سنووری عێراق و سووریا، بڕەکەی دەگاتە 1450 مەتر سێجا لە چرکەیەکدا."، ئاماژەی بەوەش کرد کە چاوەڕوان دەکرێت لە دوو رۆژی داهاتوودا ئەم بڕە کەمێک زیاد بکات و پاشان جێگیر ببێت، کە ئەمەش "کاریگەرییەکی گەورە"ی لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی ئاوی رووباری فورات دەبێت.
ئاوی گلدراوە؛ لە 5 ملیارەوە بۆ 30 ملیار مەتر سێجا
سەبارەت بە دۆخی گلدانەوەی ئاو، گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو گوتی، "پێش دەستپێکی وەرزی زستان، بڕی ئاوی گلدراوەی ستراتیژیی عێراق کەمتر لە پێنج ملیار مەتر سێجا بوو، بەڵام ئێستا ئەم بڕە شەش هێندە زیادیکردووە، ئەمەش بڕێکی زۆر باشە بۆ تێپەڕاندنی وەرزی هاوینی ئەم ساڵ بەبێ کێشە."
خالید شیمال ئاماژەی بەوەش کرد، تێکەڵبوونی شەپۆلی بارانەکانی وەرزی بەهار و توانەوەی بەفر، عێراقی "بە تەواوی" لە قۆناخی مەترسی و وشکەساڵی دوورخستووەتەوە.
دۆخی بەنداوەکان؛ ''دووکان و دەربەندیخان لە لووتکەدان''
لەبارەی ئاستی پڕبوونی بەنداوەکان، خالید شیمال رایگەیاند، بەنداوەکانی موسڵ، دووکان، دەربەندیخان، عوزێم و حەمرین ئاستی ئاویان زۆر بەرزبووەتەوە و هەندێکیان 80٪ پڕبوون.
سەبارەت بە بەنداوی حەدیسە کە پار بڕێکی کەم ئاوی تێدا بوو ئاماژەی بەوە کرد، شەپۆلێکی گەورەی ئاوی لە فوراتەوە بۆ دەچێت و ئاستی پڕبوونی "لە 30٪یـەوە بەرز دەبێتەوە بۆ 60٪ تاوەکو 70٪."
گوتیشی: "هیچ بەنداوێکمان نەگەیشتووەتە قۆناخی مەترسیی لافاو یان پڕبوونی تەواوەتی، چونکە ئێمە بە پلان و بەپێی کات بەنداوەکان پڕ دەکەین بۆ ئەوەی سەلامەتییان پارێزراو بێت."
ستراتیژیی ئاوی ژێرزەوی
سەبارەت بە بەکارهێنانی ئاوی ژێرزەوی لەلایەن جووتیارانەوە، گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو رایگەیاند، "ئاوی ژێرزەوی ستراتیژییە بۆ نەوەکانی داهاتوو، وەزارەت پلانێکی هەیە بۆ کەمکردنەوەی فشار لەسەر ئەو سەرچاوانە."
دەشڵێت، "بەهۆی زۆربوونی ئاوی سەرزەوی، لە پلانی کشتوکاڵی و دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی ئەم ساڵدا زیاتر پشت بە رووبار و بەنداوەکان دەبەستین و بەکارهێنانی ئاوی ژێرزەوی کەمدەکەینەوە."
خالید شیمال دڵنیایی دا کە دۆخی ئاوی عێراق بەراورد بە ساڵانی رابردوو "زۆر باشترە و ئامادەکاری تەواو کراوە بۆ دابینکردنی پێویستییەکانی وەرزی گەرما."




