رووداو دیجیتاڵ
ئاستی ئاوی ڕووباری فورات لە سنووری پارێزگای ئەنبار 2.4 مەتر بەرزبووەتەوە، بەهۆیەوە بەشێک لە کێڵگەکانی داپۆشیوە، کە لە کەناری رووبارەکەن.
موئەیەد دلێمی، گوتەبێژی حکومەتی خۆجێیی ئەنبار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئاستی بەردانەوەی ئاوی فورات لە سنووری پارێزگاکەیان گەیشتووەتە 1450 مەتر سێجا لە چرکەیەکدا و ئاستی ئاوەکەی بۆ 2.41 مەتر بەرزکردووەتەوە، تاوەکو ئێستا دۆخەکە لە ئاستی سروشتی و کۆنترۆڵکراودایە.
زیادبوونی ئاوی رووباری فورات لەدوای ئەوە بوو، کە لە تورکیاوە ئاستی بەردانەوەی ئاوی رووبارەکە زیادکرا، ئەوەش لە سنووری سووریا کێشەی بۆ هەندێک لە زەوییە کشتوکاڵییەکان دروستکرد و ژێر ئاوی خستن بەر لەوەى بچێتە سنوورى عێراقەوە.
موئەیەد دلێمی رایگەیاند، بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوەکە زیانی بە دوو پرد گەیاندووە کە کۆن بوون و هەندێک لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی کەنار رێرەوى رووبارەکەی نوقم کردووە، بەڵام جووتیاران پێش ئەوەی ئاوەکە بگات، گەنمەکانیان دوریوەتەوە.
بۆ رێگری لە کاریگەرییەکانی زیادبوونی ئاستی ئاوی فورات، پارێزگای ئەنبار پشت بە گلدانەوەی ئاوەکە دەبەستێت لە هەردوو بەنداوی حەدیسە و حەبانییە.
گوتەبێژی حکومەتی خۆجێیی ئەنبار رایگەیاند، توانای گلدانەوەی ئاو لە بەنداوی حەدیسە 8.5 ملیار مەتر سێجایە و ئێستا ئاوی گلدراوە گەیشتووەتە سێ ملیار مەتر سێجا.
درێژیى رووبارى فورات لە سنوورى عێراق 1160 کیلۆمەترە، نزیکەى 500 کیلۆمەترى لە سنوورى پارێزگاى ئەنبارە.




