رووداو دیجیتاڵ تاوەکو ئێستا نزیکەی 250 گۆڕی بەکۆمەڵی ئەنفالکراوانی کورد دۆزراوەتەوە، بەڵام بەگوێرەی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لەو ژمارەیە تەنیا 25 گۆڕیان هەڵدراونەتەوە. ئارام نووری، بەڕێوەبەری گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەگوێرەی رووپێویییەکان کە لە رێگەی مانگە دەستکردەکانەوە کراون، ژمارەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان بە 200 بۆ 250 گۆڕی بەکۆمەڵ مەزەندە کراوە". ئەو بەرپرسەی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان دەڵێت: "لەو ژمارەیە تەنیا 25 گۆڕی بەکۆمەڵی کورد لە 17 ناوچەی جیاوازی عێراق هەڵدراونەتەوە؛ ئەوەش دڵۆپێکە لە دەریایەک". بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، لە دوای ساڵی 2004ـەوە تاوەکو ئێستا تەنیا رووفاتی 3635 شەهیدی ئەنفالکراو دۆزراونەتەوە. ئارام نووری گوتی: "زۆرینەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان لە بیابانەکانی سەماوەن لە پارێزگای موسەنا، بەڵام لە حەمرین لە پارێزگای دیالە و لە مووسڵیش لە پارێزگای نەینەوا گۆڕی بەکۆمەڵی کورد هەن و دۆزراونەتەوە". لەو ناوچانەی لە سەماوە گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزراوەتەوە زۆرینەیان لە ناوچەی تل شێخیە بووە، کە ئەنفالکراوانی دەشتی کۆیە، کەرکووک، چەمچەماڵ و سنووری گەرمیانی بۆ براوە. ئارام نووری گوتی: "بەشێکی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە (بوستەیە) بووە لە هەمان پارێزگا، کە بارزانییە ئەنفالکراوەکانی تێدا بێسەروشوێن کراوە". نوگرە سەلمان بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بۆ رووداو، "تەنیا لە قەڵای نوگرە سەلماندا 4 بۆ 5 هەزار کورد زیندانی کراون، ئەشکەنجە دراون و کۆمەڵکوژ کراون". ئەوانەی لە تاوانی ئەفال رزگاریان بوو، زۆرینەیان چیرۆکی تراژیدی لە نوگرە سەلمان دەگێڕنەوە، کە ژن، منداڵ و پیاو بێ جیاوازی تەمەن ئەشکەنجە دراون، دەستدرێژیی کراوەتە سەریان و دوای مردنیش تەرمەکانیان دراونەتە سەگەکانی بیابان. ئارام نووری دەڵێ: "بەشێکی زۆری ئەنفالکراوان لە بیابانەکانی سەماوە کۆمەڵکوژ و بێسەروشوێن کراون، هەموویان نەبراونەتە نوگرە سەلمان کە وەکو زیندان بەکارهێندراوە، بەشێکیان هەر لە بیابانەکەدا کۆمەڵکوژ کراون". بەگوتەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، هاونیشتمانیانی دەشتی کۆیە، چەمچەماڵ، کەرکووک تاوەکو دەگاتە گەرمیان لە بیابانی تلشێخیە نزیک سەربازگەی نوگرە سەلمان بێسەروشوێن کراون. سەربازگەی نوگرە سەلمان، کە سەر بە شاری سەماوەیە، یەکێک لە بەرپرسە یەکەمەکانی عەجاج بووە، کە بە "جەلادەکەی نوگرە سەلمان" لای کورد ناسراوە و دوای ئاشکرابوون و دەستگیرکردنی، لەلایەن دادگەی باڵای تاوانەکانی عێراقەوە سزای لە سێدارەدانی بۆ بڕایەوە. عەجاج ئەحمەد حەردان زوعیتەر عوبەیدی، ناسراو بە "جەللادەکەی نوگرە سەلمان" 14ی ئایاری 2026 بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو، ئەویش بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی بەو کوردانەی لە سەربازگەی نوگرەسەلمان ئەشکەنجەدران و شەهید کران.