رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەڵێ، لێکۆڵینەوەکان لەبارەی هێرشە درۆنییەکان بۆسەر سعودیە و ئیمارات بەردەوامن و ئاسایشی ئەو وڵاتانەش بە "هێڵی سوور" ناودەبات. ئاماژە بەوەش دەکات، سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت ستراتیژییەکی ئەمنییە و دەبێت جێبەجێ بکرێ.
رۆژی هەینی 22ی ئایاری 2026 سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو لیژنە تایبەتەی بە فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزەچەکدارەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکانی سەر سعودیە و ئیمارات پێکهێندراوە، "لیژنەیەکی باڵای هەواڵگری و تەکنیکییە، ئەرکی مەیدانیی بریتییە لە شیکردنەوە و هاوتاکردنی داتا و بەڵگە رادارییەکان بە هاوئاهەنگیی راستەوخۆ لەگەڵ ریاز و ئەبوزەبی."
سەباح نوعمان ئاماژەی بەوە کرد، "لە نەریتی سەربازیدا لێکۆڵینەوە سیادییەکان ناکەونە ژێر گوشاری کاتیی میدیاییەوە، بەڵکو پێویستیان بە وردبینییە بۆ گەیشتن بە راستییەکان." گوتیشی، "ئەم لیژنەیە دەسەڵاتی تەواوی پێدراوە و هەر کاتێک کارەکانی تەواو بوون، ئەنجامەکان بە شەفافی بۆ رای گشتی بڵاودەکرێنەوە."
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزەچەکدارەکانی عێراق دەڵێ، "ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ هێڵی سوورە. ئەگەر تێوەگلانی هەر لایەن یان کەسێک بسەلمێندرێ، تەنیا رووبەڕووی دادگە ناکرێتەوە، بەڵکو هێزە چەکدارەکانمان وەک هەڕەشە بۆسەر ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و پێشێلکردنی سەروەری مامەڵەی لەگەڵ دەکەن."
سەباح نوعمان ئاماژەی بەوەش کرد، "دەوڵەت رێگە نادات هیچ لایەنێک بڕیاری سیاسی و سیادیی وڵات ببەزێنێت و سەرپێچیکاران بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر سزا دەدرێن."
لە رۆژانی رابردوودا هەردوو وەزارەتی بەرگریی سعودیە و ئیمارات، گرووپە چەکدارەکانی عێراقیان بە ئەنجامدانی چەند هێرشێکی درۆنی بۆ سەر دامەزراوە ئابوورییەکانی وڵاتەکانیان تۆمەتبارکرد.
