رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی عێراق یارییەکی دیکەی دۆستانە ئەنجامدەدات و لە یارییەکدا کە لە ئاستێکی بەرزدایە بەسەرکردایەتیی ئاکام هاشم، ئەستێرەی کورد بەرامبەر ئیسپانیا یاریی دەکات.
پێش بەڕێکەوتنی بۆ ئەمریکا بۆ بەشداریکردن لە مۆندیالدا، هەڵبژاردەی عێراق دووەم یاریی دۆستانەی لە ئیسپانیا ئەنجامدەدات و رووبەڕووی هەڵبژاردەی ئیسپانیا دەبێتەوە.
یارییەکە کاژێر 22:00 لە یاریگای ریازۆری تایبەت بە یانەی دیپۆرتیڤۆ لاکارۆنیا ئەنجامدەدرێت، یاریزانانی کورد هەلێکی زۆر گەورەیان هەیە بۆ ئەوەی ئاستبەرزیی خۆیان لە یارییەکەدا پێشانبدەن و سەرنجی میدیای ئیسپانیا و هاندەرانیان رابکێشن.
هەڵبژاردەکە چەند رۆژێک لەمەوبەر یارییەکی دۆستانەی بەرامبەر ئەندۆرا ئەنجامدا و سەرکەوتنی بەدەستهێنا، دوای ئەوە گراهام ئارنۆڵد، راهێنەری عێراق لیستی کۆتایی هەڵبژاردەکەی بۆ یارییەکانی مۆندیال راگەیاند و ئەمە یەکەم یارییە دوای تەواوکردنی لیستی هەڵبژاردەکە.
لە ریزەکانی هەڵبژاردەی عێراق، مێرخاس دۆسکی، ئاکام هاشم، یوسف ئەمین، مارکۆ فەرەج ئەو یاریزانە کوردانەن کە لە ریزەکانی هەڵبژاردەکەدا بەشداری لە مۆندیالدا دەکەن.
دوای ئەم یارییە هەڵبژاردەی عێراق بەرەو ئەمریکا بەڕێدەکەوێت و بەرەبەیانی رۆژی 10ـی مانگ، دوایین یاریی دۆستانە ئەنجامدەدات و بەرامبەر هەڵبژاردەی ڤێنزوێلا یاریی دەکات.
عێراق لە مۆندیالدا ئەرکی زەحمەت دەبێت، لە کۆمەڵەیەکی بەهێزدا یاریی دەکات، یەکەم یاریی بەرامبەر نەرویجە، دوای ئەوە بەرامبەر فەرەنسا و پاشان رووبەڕووی سەنیگال دەبێتەوە.
هەڵبژاردەی ئیسپانیا، ئامادەکارییەکانی بۆ یاریی دۆستانەی بەرامبەر هەڵبژاردەی عێراق تەواوکرد و تیپەکەی لویس دی لافوێنتێ ئامادەیە بۆ یارییەکەی ئەمشەو.
ئیسپانیا لە مەدرید دوایین مەشقەکانی بۆ ئەو یارییە ئەنجامدا و ئەمڕۆ دەچێتە یاریگای ریازۆر بۆ یارییەکەی بەرامبەر عێراق.
جگە لە لامین یامال، کە بەهۆی پێکانەوە یاریی ناکات، سەرجەم یاریزانەکانی لارۆخا بۆ یارییەکە ئامادەن، لەسەرووی هەمووانەوە رۆدری، گاڤی و پێدری.
ئیسپانیا دوای ئەم یارییە بەرەو ئەمریکا بەڕێدەکەوێت، لەوێ یارییەکی دۆستانە بەرامبەر پیرۆ دەکات، پاشان دەچێتە نێو رکابەرییەکانی مۆندیال.
لارۆخا لە مۆندیالدا بەرامبەر کەیپ ڤێردی، سعودیە و ئۆرۆگوای یاریی دەکات.



