رووداو دیجیتاڵ
ئەمشەو کاژێر 10:00 بە کاتی هەولێر، هەڵبژاردەی عێراق لە یارییەکی دۆستانەی بەهێزدا لە شاری لاکۆرۆنیای ئیسپانیا، رووبەڕووی هەڵبژاردەی ئیسپانیا دەبێتەوە. یارییەکە وەک ئامادەکارییەک بۆ مۆندیالی 2026 ئەنجام دەدرێت و تێیدا یاسا نوێیەکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی جێبەجێ دەکرێن.
یارییەکە لە یاریگای ریازۆر بەڕێوەدەچێت، یاریگاکە زیاتر لە 34 هەزار هاندەر لەخۆY دەگرێت. ئەم رووبەڕووبوونەوەیە بایەخێکی زۆری هەیە، چونکە سەرجەم یاسا نوێیەکانی تایبەت بە مۆندیالی تێدا تاقی دەکرێنەوە، جگە لەوەی براوەی یارییەکە 10 خاڵ لە ریزبەندیی جیهانیی فیفا بەدەست دەهێنێت.
گراهام ئارنۆڵدی ئوسترالی، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق دووپاتی کردەوە تیپەکەی بەوپەڕی رژدییەوە مامەڵە لەگەڵ یارییەکە دەکات و گوتی "ئەم یارییە دەرفەتێکی نموونەییە بۆ تاقیکردنەوەی ئاستی یاریزانەکان لەڕووی هونەری و جەستەییەوە". هەروەها ئاماژەی بەوە کرد ئیسپانیا خاوەن مێژوویەکی گەورە و شێوازێکی یاریی بەکۆمەڵی ناوازەیە و رایگەیاند "پاپەندبوونی تاکتیکی و سەرنجی بەرز، هەل بە عێراق دەدات ئاستێکی بەرز بەرامبەر یەکێک لە بەربژێرە سەرەکییەکانی نازناوی مۆندیال پێشکێش بکات".
تیروپشکی مۆندیالی 2026 عێراقی لە کۆمەڵەی نۆیەم لەگەڵ هەڵبژاردەکانی فەرەنسا، نەرویج و سەنیگال داناوە، لە کاتێکدا ئیسپانیا لە کۆمەڵەی هەشتەم لەگەڵ سعودیە، ئۆرۆگوای و کەیپ ڤێردی یاری دەکات.
بڕیار وایە دوای ئەم یارییە، هەڵبژاردەی عێراق بەرەو ئەمریکا گەشت بکات بۆ ئەنجامدانی دووەم یاریی دۆستانەی بەرامبەر ڤێنزوێلا لە 9ـی ئەم مانگەدا، پێش ئەوەی لە 11ـی مانگی 6ـی 2026 یارییەکانی مۆندیال بەفەرمی دەستپێبکەن.



