رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی کوردستان، مانگانە بۆ مووچەی خانەنشینانی شارستانی زیاتر لە 134 ملیار دینار خەرجکراوە. هاوکات بەرپرسانی خانەنشینی لە دهۆک و سلێمانی نوێترین ئاماری وەرگرتنی مووچە لە رێگەی (هەژماری من) ئاشکرا دەکەن.
بەپێی ئەو داتایانەی لە یەکەی ژمێریاریی تایبەت بە خانەنشینان ئەمڕۆ دووشەممە، 01ـی حوزیرانی 2026، دەست رووداو کەوتووە، کۆی گشتیی ژمارەی خانەنشینانی شارستانی کە مووچە وەردەگرن 187 هەزار و 837 کەسن. کۆی گشتیی ئەو بڕە پارەیەی مانگانە بۆ مووچەکانیان تەرخان دەکرێت 134 ملیار و 132 ملیۆن و 930 هەزار و 675 دینارە
ئاراز محەممەد شێخ مەمدووح، بەڕێوەبەری خانەنشینیی پارێزگای دهۆک بە رووداوی راگەیاند: "لە دهۆک نزیکەی 24 هەزار خانەنشین هەن، بۆ مووچەی مانگی ئایار 18 هەزار خانەنشین لە رێگەی هەژماری منەوە مووچەیان وەرگرتووە."
بە گوتەی ئاراز محەممەد، نزیکەی 1500 کەس کە پێدەچێت لە دەرەوەی وڵات بن فۆرمیان پڕ نەکردووەتەوە، هەروەها نزیکەی چوار هەزار کەسیش هێشتا کارتەکانیان چاپ نەکراوە یان وەریان نەگرتووەتەوە، بۆیە داوا دەکات ئەو خانەنشینانەی ماون، بچن و فۆرمەکان پڕ بکەنەوە.
عەلی عەبدولڕەحمان، جێگری بەڕێوەبەری خانەنشینیی سلێمانی بە رووداوی گوت: "54 هەزار و 871 خانەنشین لە پارێزگای سلێمانی هەن، لەو ژمارەیە بۆ مووچەی مانگی ئایار 16 هەزار و 752 کەس لە رێگەی هەژماری منەوە مووچەیان وەرگرتووە."
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، زیاتر لە 24 هەزار خانەنشینی دیکە لەو سنوورە فۆرمیان پڕ کردووەتەوە و چاوەڕێی گەڕانەوەی کارتەکانیان دەکەن.
سادق شێخ عوسمان، گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان بە رووداوی راگەیاند: "بەشێکی زۆری خانەنشینان فۆرمی هەژماری منیان پڕ کردووەتەوە؛ ئێستا بەشێکیان لە رێگەی پڕۆژەکەوە مووچە وەردەگرن، بەڵام بەشێکی دیکەیان تاوەکو ئێستا کارتەکانیان بۆ نەگەڕاوەتەوە."
لەبارەی ئەو خانەنشینانەی کە ئامادە نین فۆرمەکە پڕ بکەنەوە، سادق شێخ عوسمان دەڵێت: "هەندێک لە خانەنشینان بە ئارەزووی خۆیان نایانەوێت فۆرمەکە پڕ بکەنەوە و بچنە ناو پڕۆژەکە، ئەوانەی نەیانکردووە نزیکەی سێ مانگ دەبێت مووچەکانیان راگیراوە."
عەزیز ئەحمەد، جێگری بەرپرسی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان راگەیاند، لە لیستی مووچەی حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 350 هەزار خانەنشین هەن کە تاوەکو ئێستا زیاتر لە نیوەیان مووچەیان بە شێوەی دیجیتاڵی و لە رێگەی هەژماری منەوە وەردەگرن.
عەزیز ئەحمەد دەڵێت: "نزیکەی 50 هەزار خانەنشین هێشتا کارتە بانکییە چاپکراوەکانی خۆیان وەرنەگرتووەتەوە بۆ ئەوەی بگوازرێنەوە بۆ سیستمی دیجیتاڵی، هەروەها هەزاران کەسی دیکەش هێشتا ناویان لە هەژماری من تۆمار نەکردووە".
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق رۆژی 22-11-2022، حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینیی یەکگرتووی عێراق، ژمارە 9ـی ساڵی 2014 پابەند کرد، بەڵام تاوەکو مووچەی مانگی تەممووزی 2024 جێبەجێ نەکرا.

