رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی هۆشداری دەداتە خاوەنکاران و دەڵێت، وەرگرتنی کۆمپیالە و کەفالەتی دارایی لە کرێکاران قەدەخەیە. بەڕێوەبەرێکی گشتیش دەڵێ: "هەر خاوەنکارێک یاسا پێشێل بکات، رووبەڕووی سزای تووند دەبێتەوە".
رۆژی دووشەممە، 1ی حوزەیرانی 2026، مەریوان بەگۆک عەزیز، بەڕێوەبەری گشتیی كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت: "لە هیچ شوێنێکی جیهان شتی وەها نییە کە لە بەرامبەر دامەزراندنی کرێکار کۆمپیالەیەکی چەند ملیۆن دیناری بە کرێکار بکرێ. لە هیچ شوێنێک شتی وەها نییە کرێکار لە بەرامبەر دەستکەوتنی کار و بژێویی ژیاندا ناچار بە خۆقەرزارکردن بکرێ."
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی دەڵێ، پاڵپشت بە یاسای کار ژمارە (71)ی ساڵی 1987، وەرگرتنی کۆمپیالە، کەفالەتی دارایی یان ناچارکردنی کرێکار بە "خۆقەرزارکردن" وەک مەرجێک بۆ دامەزراندن یان بەردەوامبوون لە کار، نایاساییە و بە هەموو شێوەیەک قەدەخەیە.
مەریوان بەگۆک عەزیز روونیکردەوە: "سەرجەم ئەو خاوەنکارانەی پێشتر ئەم کارە نایاساییەیان کردووە، پێویستە بە زووترین کات هەموو ئەو پابەندییە داراییانە لەسەر کرێکارانە هەڵبووەشێننەوە. بەپێچەوانەوە، رووبەڕووی سزای تووندی یاسایی دەبنەوە."
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کار ئاماژە بەوە دەکات، وەرگرتنی ئەو جۆرە بەڵێننامانە دەبێتە ئامرازێک بۆ گوشاری نایاسایی لە دەرەوەی بەندەکانی گرێبەستی کار؛ بۆیە داوا لە کرێکاران دەکات رێگە نەدەن ئەو پێشێلکارییەیان بەرامبەر بکرێ.
مەریوان بەگۆک عەزیز دەڵێ: "هیوادارین کرێکاران کە ناچار دەکرێن یان مافیان پێشێل دەکرێ، پەیوەندیمان پێکەوە بکەن و سکاڵا تۆمار بکەن."
بۆ گەیاندنی سکاڵا و ئاگادارکردنەوە لە هەر سەرپێچییەک، بەڕێوەبەرایەتییەکە هێڵی گەرمی (5500)ی بۆ کرێکاران تەرخان کردووە؛ هاوکات دەتوانن لە رێگەی ژمارەکانی (07511225500) و (07721225500) بە نامە یان پەیامی دەنگی لە وەتسئەپ و ڤایبەر، بە شێوەیەکی "نهێنی و پارێزراو" لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگادار بکەنەوە.
ئەو بەڕێوەبەرە ئاماژەی بەوەشدا کە ئەگەر خاوەنکار سەرپێچی بکات و بەردەوام بێت، رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە و دادگایی دەکرێت.

