رووداو دیجیتاڵ
پڕۆژەی رووناکی رایگەیاند، سێ ملیار دینار بۆ نزیکەی 118 هەزار هاوبەشی کارەبای ماڵان دەگەڕێننەوە، کە بەهۆی هەڵەی پسوولەوە لە داشکاندنی سێ مانگی سەرەتای پڕۆژەکەوە سوودمەند نەبوون.
دووشەممە 1ـی حوزەیرانی 2026، پڕۆژەی رووناکی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "بڕی داشکاندنی 3 ملیار دینار گەڕاندرێنرایەوە بۆ هاوبەشانی ماڵان وەک بەشێک لە رێکارە بەردەوامەکانی راستکردنەوەی پڕۆسەی پسوولە".
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی هەڵە لە پڕۆسەی پسوولە، سیستمی نوێی پسوولە نزیکەی 118 هەزار هاوبەشی ماڵانی دیاریکردووە، کە بەتەواوی لە داشکاندنی سێ مانگی یەکەمی پڕۆژەی رووناکی سوودمەند نەبوون".
لەبارەی چۆنێتی گەڕانەوەی پارەکە پڕۆژەکە دەڵێت: "هەموو ئەو هاوبەشانەی ماڵان بڕی داشکاندنەکانیان لە پسوولەی مانگەکانی داهاتووی پڕۆژەی رووناکی یان قەرزی پێش پڕۆژەی رووناکی بۆ هەژمار دەکرێت. ئەو هاوبەشانەی خۆیان تۆمارکردووە لە پڕۆژەی رووناکی لە رێگەی کورتەنامە ئاگاداردەکرێنەوە".
پڕۆژەی رووناکی روونیکردووەتەوە، کە 3 ملیار و 31 ملیۆن دینار بۆ 117 هەزار و 628 هاوبەشی کارەبا دەگەڕێندرێتەوە، تێکڕای پارەی گەڕاوە 25 هەزار و 768 دینارە بۆ هەر هاوبەشێک.
بەگوێرەی پڕۆژەکە، نزیکەی 5 ملیۆن و 500 هەزار هاووڵاتی کە زیاترە لە %85ـی دانیشووانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژەی رووناکیدا کارەبای 24 کاژێرییان بۆ دابینکراوە.
پڕۆژەی رووناکی ساڵی 2024 لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان پەسند کرا. بەگوێرەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیارە ئەم ساڵ تەواوی کارەبای هەرێمی کوردستانن ببێتە 24 کاژێری.
