رووداو دیجیتاڵ
چەند هاونیشتمانییەک لەبارەی رێگەی نێوان سەیدسادق و هەڵەبجە کە بە "رێگەی تازە" ناسراوە، پەیوەندییان بە تۆڕی میدیایی رووداوەوە کرد و دەڵێن، هیچ رووەک و گوڵ و سەوزاییەک لەنێوان دووسایدی رێگەکە نییە.
رۆژی چوارشەممە، 03ـی حوزەیرانی 2026، کۆچەر حوسێن، سەرۆکی شارەوانیی سەیدسادق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تەنیا ئەم ساڵ 7500 نەمام و داری جۆراوجۆرمان رواندووە، بەڵام رێگەی سەیدسادق بۆ هەڵەبجە، لە دەرەوەی سنووری شارەوانیی ئێمەیە و ناتوانین دار لەو ناوچەیە بڕوێنین".
لەسەر هەمان پرس، رەزا محەممەد، قایمقامی قەزای سەیدسادق بە رووداوی گوت: "ئەو رێگەیە شەقامێکی دەرەکییە لە بەینی دوو شار و لە دەرەوەی سەیدسادقە. راستە لە سنووری دەسەڵاتی ئێمەیە، بەڵام ئێمە زیاتر نەمام لەنێوان دووسایدی نێو شار و ناوەندی شارەکان دەڕوێنین".
رەزا محەممەد گوتی: "ئەگەر هەڵمەتێک بکرێ و دار بڕوێندرێ یان لایەنێک بیەوێ دار لەنێوان ئەو دووسایدە بڕوێنێ، ئەوا ئێمە هاوکاری دەبین، بەڵام خۆمان ناتوانین، چونکە ئەوە پێویستی بە بودجەیە یان وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن دەتوانێت بەو کارە هەستێت و ئێمەش وەک کارگێڕی یارمەتی دەدەین".
محەممەد جەلیل، بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبان و ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند: "هێشتا پڕۆژەکە بە فەرمی تەواونەکراوە، بەڵام ئەگەر کەسێک یان لایەنێک بیەوێ رووەک یان گوڵ لەو شوێنانە بڕوێنێت، دەبێت پرسمان پێ بکات و ئێمە شوێنەکە و کاتەکەی دیاری دەکەین، چونکە جارێ رێگەکە تازەیە و نابێت ببێتەهۆی تێکچوونی رێگەکە".
لە وەڵامی ئەوەی کە ئەوان بەو کارە هەڵدەستن و دار و گوڵی تێدا دەڕوێنن یان نا، محەممەد جەلیل دەڵێ:"وەک وەزارەت ئەوە لە ئەستۆی ئێمە نییە کە سەوزایی بچێنن، بەڵام ئەگەر شارەوانی یان بەڕێوەبەرایەتیی ژینگە یان لایەنێکی خێرخوازی بیەوێ بەو ئەرکە هەستێت، دەبێت نووسراومان بۆ بکات و ئاگادارمان بکاتەوە. ئێمە شوێنەکەی بۆ دیاری دەکەین".
لە ساڵی 2010 پرۆژەی رێگەی دوو سایدی هەڵەبجە - سەیدسادق دەستپێکرد، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە ساڵی 2014 راگیرا، دوایی دەست بە پڕۆژەکە کرایەوە و چەند ساڵێکە کراوەتەوە و بەکاردەهێندرێ.




