رووداو دیجیتاڵ
قەبارەی وەبەرهێنان لە عێراق 114 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە و دەستەی وەبەرهێنان دەیەوێت پڕۆژەی ستراتیژیی هاوبەش لەگەڵ هەولێر جێبەجێ بکات، بەڵام سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، یاساکانیان جیاوازن و بەغدا دەیەوێت مۆڵەتی پڕۆژەکانی هەرێمی کوردستان لای ئەو بێت، بۆیە "رازی نەبووین".
دکتۆر محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، رۆژی دووشەممە، 25ـی ئایاری 2026، بە رووداوی راگەیاند: "لەگەڵ بەغدا هیچ وەبەرهێنانێکی هاوبەشمان نییە، چونکە یاسای وەبەرهێنان بۆ هەردوولا جیاوازە. پێشتر داوایان لێکردین وەبەرهێنانمان یەک بخەین، بەڵام ویستیان مۆڵەتپێدانی پڕۆژەکانی هەرێمی کوردستان لای بەغدا بێت، بۆیە مەرجەکانیان قورس بوون و ئێمە رازی نەبووین."
80 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، ژینگەی هەرێمی کوردستان بۆ راکێشانی وەبەرهێنەری بیانی لەبارتر و جێگیرترە و گوتی: "تاوەکو ئەمڕۆ 1,773 پڕۆژەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان هەن، زۆرترینیان لە کەرتی پیشەسازییە، دواتر نیشتەجێبوون و بازرگانی دێن. قەبارەی گشتیی وەبەرهێنانیش لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 80 ملیار دۆلار."
عێراق: چاومان لە پڕۆژەی هاوبەشە لەگەڵ هەرێمی کوردستان
حەنان جاسم، گوتەبێژی دەستەی نیشتمانیی وەبەرهێنانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، قەبارەی وەبەرهێنان لە عێراق گەیشتووەتە 114 ملیار دۆلار، کە 67 ملیاری بیانی و 47 ملیاری ناوخۆییە. ئاماژەی بەوەش کرد، دکتۆر حەیدەر مەککیە، سەرۆکی دەستەکە، چاوی لە تەواوکاریی ئابوورییە لەگەڵ هەولێر.
گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانی عێراق گوتی: "ئێستا لە قۆناخی لێکۆڵینەوە لە یاسا و سیستمەکانی نێوان ناوەند و هەرێمداین بۆ رەخساندنی ژینگەیەکی یەکگرتوو. ئامانجمانە پڕۆژەی ستراتیژیی هاوبەش لە چوار کەرتی سەرەکی (نیشتەجێبوون، وزە، کشتوکاڵ و پیشەسازی) جێبەجێ بکەین کە هەموو پارێزگاکان بە یەکەوە ببەستێتەوە."
پلانی 2025 و "پارەی سەوز"
لەبارەی "پلانی وەبەرهێنانی کەشوهەوا" کە لە سەرەتای ساڵی 2025 پەسند کرا، گوتەبێژەکەی دەستەی وەبەرهێنان روونیکردەوە کە چاویان لە بودجەی حکومەت نییە بۆ ئەو پڕۆژانە، بەڵکو لە رێگەی نێردە دیپلۆماسییەکانەوە کار دەکەن بۆ راکێشانی سندووقەکانی (تەمویلی سەوز(Green Finance- و دامەزراوە داراییە جیهانییەکان.
دەستەی وەبەرهێنانی عێراق ستراتیژییەکی نوێی بۆ تێپەڕاندنی بیرۆکراسی (دیوان سالاری) گرتووەتەبەر. گوتەبێژی دەستەکە ئاشکرای کرد، دوو هەنگاوی سەرەکییان ناوە:
یەکەم: کاراکردنی (تاک پەنجەرەی دیجیتاڵی) بە تەواوی، کە هەموو وەزارەتەکان پێکەوە دەبەستێتەوە و کاتی دەرچوونی مۆڵەتی وەبەرهێنان کەم دەکاتەوە.
دووەم: دامەزراندنی (یەکەی پاڵپشتی و پاراستنی وەبەرهێنەر) بۆ چارەسەرکردنی هەر گرفتێکی رۆتینی لە کاتی جێبەجێکردنی پڕۆژەکاندا.
