رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوبەرایەتیی گشتیی کارەبای گەرمیان رایدەگەیێنێت، لە مانگی حوزەیرانی داهاتوودا پڕۆژەی کارەبای 24 کاژێری (پڕۆژەی رووناکی) لە سنووری گەرمیان دەکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە و بەهۆیەوە نزیکەی 200 موەلیدەی ئەهلی دەکوژێنەوە.
ئالان ئەرکان، گوتەبێژی بەڕێوبەرایەتی گشتیی کارەبای گەرمیان لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی 'مژار'ی رادیۆی رووداو رایگەیاند، "مانگێکە کارە تەکنیکییەکان بەردەوامن. سنووری گەرمیان دابەشکراوە بەسەر پێنج زۆندا، کارەکانی سێ زۆن بە تەواوی کۆتایی هاتووە و لە مانگی شەشەدا (حوزەیران) کارەبای نیشتمانی لە گەرمیان دەبێتە 24 کاژێری."
دابەشبوونی زۆنەکان و دۆخی پێوەرە زیرەکەکان
سەبارەت بە شێوازی دابەشبوونی زۆنەکانی کارەبا لە گەرمیان، گوتەبێژی کارەبای گەرمیان رایگەیاند:
• زۆنی 1 و 2: قەزای کەلار (ناوەندی ئیدارەی گەرمیان) دەگرێتەوە و کارەکانی تەواو بووە.
• زۆنی 3: قەزای رزگاری دەگرێتەوە و 95%ـی کارەکانی تەواو بووە.
• زۆنی 4: قەزای کفری دەگرێتەوە و لە قۆناخی داهاتوودا کارکردن تێیدا دەستپێدەکات.
• زۆنی 5: تایبەتە بە ناحیە و گوندەکانی دەوروبەر.
کۆی گشتی هاوبەشانی کارەبا لە سنووری ئیدارەی گەرمیان 87 هەزار و 373 هاوبەشن، کە نزیکەی 60% بۆ 70%یان لە قەزای کەلارن.
سەبارەت بە بەستنی پێوەری زیرەک، کە مەرجێکی سەرەکیی پڕۆژەکەیە، ئالان ئەرکان گوتی، "90% بۆ 95%ی هاوبەشانی گەرمیان پێوەری زیرەکیان بۆ بەستراوە، تەنیا چەند گوندێک ماون کە پێوەریان بۆ نەبەستراوە."
پڕۆژەی رووناکی 194 مۆلیدەی ئەهلی دەکوژێنێتەوە
گوتەبێژی کارەبای گەرمیان رایگەیاند: "بەتەواوبوونی پڕۆژەی رووناکی لە ناوچەکەدا 194 مۆلیدەی ئەهلی لە سنوورەکە دەکوژێنەوە، کە دابەشبوون بەسەر 127 مۆلیدە لە کەلار، 30 مۆلیدە لە رزگاری، 30 مۆلیدە لە کفری و ئەوانی دیکەش لە ناحیەکانی دەوروبەر."
ئالان ئەرکان ئاماژەی بەوەدا، هیچ تێچوویەکی دارایی ناكەوێتە سەر شانی هاوبەشان، تەنیا تیمەکانی کارەبا سەردانی ماڵەکان دەکەن بۆ پڕکردنەوەی فۆرمێکی زانیاری و تۆمارکردنیان لە پڕۆژەی رووناکیدا. ههروەها رایگەیاند، ئەو خانووانەی دوو نهۆمن و دوو خێزانی جیاوازی تێدا دەژین، بەپێی رێنماییەکان دەتوانن بە ئاسانی داوای هاوبەشی دووەمی کارەبا بکەن.
89 ملیار دینار قەرز و داشکاندنی نوێ بۆ هاوبەشان
گوتەبێژی کارەبای گەرمیان ئاشکرای کرد، کۆی قەرزی کەڵەکەبووی کارەبا لای هاوبەشان لە سنووری گەرمیان گەیشتووەتە نزیکەی 89 ملیار دینار لە سەرجەم پۆلەکاندا. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەمساڵ هیچ بڕیارێکی گشتی لێخۆشبوونی 15% یان 20% لە ئارادا نییە.
لەسەر بابەتی شێوازی پارەدان و پڕۆژەی (ئی-پسوولە)، ئالان ئەرکان گوتی، "لەدوای جێبەجێکردنی پرۆژەکە بەگوێرەی ئەو پلانەی دانراوە، کار بەو شێوازەش دەکرێت. بەڵام لەو ناوچانەی پرۆژەکە جێبەجێدەکرێت؛ بەجۆرێک لە مانگی یەکەمدا 30%، لە مانگی دووەمدا 25% و لە مانگی سێیەمدا 15% داشکاندن لە پارەی کارەبا بۆ هاوبەشان دەکرێت."
