رووداو دیجیتاڵ
لە ئەنجامی گواستنەوەی مامەڵەیان لە وەزارەتی پێشمەرگەوە بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان، نزیکەی هەزار پێشمەرگەی خانەنشین تاوەکو مانگی سێ 14 مووچەیان وەرنەگرتبوو. مانگی رابردوو زۆرینەیان مووچەیان وەرگرت و 200 کەسیان مانەوە کە 15 مووچەیان وەرنەگرتبوو. بەرپرسێکی خانەنشینی پێشمەرگە دەڵێ، مامەڵەی ئەوانیش تەواوکراوە، بەڵام هەموو مووچەکان پێکەوە وەرناگرن.
فەتحوڵڵا عومەر، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینیی پێشمەرگە، رۆژی دووشەممە، 25ـی ئایاری 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو 200 کەسەی مامەڵەی خانەنشینییان دواکەوتبوو، لەگەڵ دابەشکردنی مووچەی مانگی پێنجدا مووچە وەردەگرن".
زۆرینەی خانەنشینانی سەربازی کە ئەم ساڵ مووچەیان بۆ بەسترا چەند مووچەیەکیان کەوتووەتە لای حکومەت، کە لە پێنج مووچەوە تێیاندایە تاوەکو 15 مووچە. بەرپرسەکەی خانەنیشینیی پێشمەرگە دەڵێ: "ئەوانەی مووچەی زۆریان ماوە وەریبگرن، هەمووی پێکەوە وەرناگرن".
فەتحوڵڵا عومەر گوتی: "ئەوانەی مووچەی زۆریان ماوە و پێشتر وەریان نەگرتووە، هەمووی پێکەوە وەرناگرن و بە چەند جارێک وەریدەگرن".
دواکەوتنی مووچەی خانەنشین چەند هۆکارێکی هەیە. بەشێکیان پێشتر لە یەکەکانی 70 و 80ـی پێشمەرگە بوون و گوێزراونەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی و رێکاری یاسایی و کارگێڕی پێویست بووە، بەشێکیشیان ساڵی 2024 خانەنیشن بوون و مامەڵەیان دواکەوتووە.
