رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی ڤێتەرنەریی هەولێر رایدەگەیەنێت، بۆ رۆژانی جەژنی قوربان سەرجەم سەربڕخانەکان کراوە دەبن و رێکاری تووند بەرامبەر تای خوێنبەربوون دەگیرێتەبەر. دەشڵێت، تاوەکو ئێستا هیچ حاڵەتێکی نوێی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان تۆمار نەکراوە.
دکتۆر مامەند محەممەد، بەڕێوەبەری ڤێتەرنەریی هەولێر، لە کاتی بەشداریی لە بەرنامەی (مژار)ی رادیۆی رووداو رایگەیاند، "بۆ رۆژانی جەژنی قوربان، جگە لە گۆشتگەی هاوچەرخی هەولێر، پێنج سەربڕخانەی دیکە لە (قوشتەپە، بنەسڵاوە، خەبات، پیرمام و کۆیە) کراوە دەبن و ستافی ڤێتەرنەری ئامادەن بۆ پشکنینی ئاژەڵ پێش سەربڕین و پشکنینی گۆشتەکەی دوای سەربڕین."
سەبارەت بە مەترسییەکانی مێرووی (گەنە) کە هۆکاری سەرەکیی گواستنەوەی تای خوێنبەربوونە، بەڕێوەبەری ڤێتەرنەریی هەولێر هۆشداری دا و گوتی، "مەرج نییە هەر ئاژەڵێک گەنەی پێوە بێت تووشبووی نەخۆشییەکە بێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی نازانرێت ئایا ئەو گەنەیە هەڵگری ڤایرۆسەکەیە یان نا، هەر ئاژەڵێک مێرووەکەی پێوە بێت، پێش سەربڕین رەت دەکرێتەوە."
دکتۆر مامەند جەختی لەوەش کردەوە کە مەترسیی گواستنەوەی ڤایرۆسەکە لە کاتی سەربڕین و بەرکەوتن لەگەڵ خوێن و دەردراوەکانی ئاژەڵەکەدا زیاترە، بەتایبەت لە رێگەی برینی دەستەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە.
بەڕێوەبەری ڤێتەرنەریی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد کە بەپێی یاسای عێراقی و رێنماییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ، سەربڕینی ئاژەڵ لە دەرەوەی سەربڕخانەکان قەدەخەیە. گوتیشی، "رۆژی شەممەی رابردوو لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتدا بڕیاردرا لە رێگەی قایمقامییەتەکان و یەکە کارگێڕییەکانەوە، دیاردەی سەربڕینی ئاژەڵ لەسەر رێگە گشتییەکان و بەردەم دووکانەکان قەدەخە بکرێت."
بەپێی ئامارەکانی ڤێتەرنەری، لە سنووری پارێزگای هەولێر نزیکەی 750 هەزار سەر ئاژەڵی بچووک (مەڕ و بزن) و 80 هەزار بۆ 100 هەزار سەر رەشەوڵاخ هەن.
دکتۆر مامەند محەممەد باسی لەوە کرد کە هەڵمەتی رشاندن و شووشتنی ئاژەڵان کە لە 19ی نیسانەوە دەستیپێکردووە، بەردەوامە و گوتی، "پێشبینی دەکەین تاوەکو ئێستا زیاتر لە 400 هەزار سەر ئاژەڵ شۆردرابن و هەزاران هۆڵی بەخێوکردنیش دەرمانڕشێن کرابن."
بەڕێوەبەری ڤێتەرنەریی هەولێر داوای لە هاونیشتمانیان کرد لە رۆژانی جەژندا، لە کاتی مامەڵەکردن لەگەڵ گۆشت و ئاژەڵدا، دەستکێش بەکاربهێنن و رێکارە تەندروستییەکان جێبەجێ بکەن. هەروەها جەختی کردەوە کە هاوردەکردنی ئاژەڵ بە شێوەی فەرمی تەنیا لەو شوێنانەوە دەبێت کە کەرەنتینەیان هەیە و بنکەکانیشیان رێگریی تووند لە ئاژەڵی قاچاخ دەکەن.
