رووداو دیجیتاڵ
لە کۆلێژی بازرگانیی زانکۆی سلێمانی، هێشتا بەشێکی زۆری پرۆگرامی خوێندن بە زمانی عەرەبییە؛ خوێندکاران دەڵێن، پرۆسەی خوێندنەکەیان "دوو هێندە" لێ قورس بووە و داوا دەکەن بکرێتە کوردی. راگرایەتیی کۆلێژەکەش دەڵێت، بازاڕی کار زمانی عەرەبی و ئینگلیزیی دەوێت و سەرچاوەی کوردییش کەمە.
خوێندکارانی کۆلێژی بازرگانیی زانکۆی سلێمانی گلەیی لەوە دەکەن کە ناچارن بابەتە زانستییەکانیان بە زمانی عەرەبی بخوێنن. ئەوان بە (رادیۆی رووداو)یان راگەیاند، "هەموو خوێندن و قسەکردنمان بە زمانی عەرەبییە، لەکاتێکدا ئێمە خوێندکاری بەشی زمانی عەرەبی نین. پرۆگرامی خوێندنەکەمان بەتەواوی عەرەبییە و ئەگەر لە تاقیکردنەوەکانیشدا بە کوردی وەڵام بدەینەوە، وەک کەوتوو هەژمار دەکرێین."
خوێندکارێکی ئەو کۆلێژە ئاماژە بەوە دەکات، بەهۆی ئەوەی زۆربەی خوێندکاران عەرەبی نازانن، مامۆستاکان ناچارن بابەتەکان بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی روون بکەنەوە، بەڵام کێشەکە هەر بەردەوامە و دەڵێت: "پەنامان بۆ ژیریی دەستکرد (AI) بردووە بۆ وەرگێڕان، چونکە تەنیا خەریکی دەرخکردنی دەستەواژەکانین بەبێ ئەوەی لە ناوەرۆکە زانستییەکە بگەین."
راگری کۆلێژ: کێشەکە نەبوونی سەرچاوەیە
د. کارزان مەهدی، راگری کۆلێژی بازرگانیی زانکۆی سلێمانی لە لێدوانێکدا بۆ (رادیۆی رووداو) رایگەیاند، یەکێک لە کێشە سەرەکییەکان نەبوونی سەرچاوەی زانستییە بە زمانی کوردی لەو بەشانەی وەک کارگێڕی، دارایی، بانک و گەشتوگوزار، "ناکرێت زانست بەبێ پشتبەستن بە سەرچاوە بگوێزرێتەوە."
راگری کۆلێژەکە باسی لە لایەنێکی دیکەی گرنگ کرد کە پەیوەندی بە بازاڕی کارەوە هەیە و گوتی، "کاتێک خوێندکار دەردەچێت و دەچێتە کۆمپانیا و بانکە ئەهلییەکان، یەکەم مەرج زانینی زمانە. زۆرجار دەرچووان لە چاوپێکەوتنەکاندا وەرناگیرێن، چونکە نە عەرەبی دەزانن نە ئینگلیزی. کەرتی تایبەت هەموو مامەڵەکانیان بەو دوو زمانەیە."
زانکۆی سلێمانی: بەدواداچوون دەکەین
لەلایەکی دیکەوە، د. زانا مەحموود، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا بە (رادیۆی رووداو)ی راگەیاند، ئەوان هیچ کۆلێژێکیان ناچار نەکردووە تەنیا بە یەک زمان بخوێنێت و دەسەڵاتیان داوە بە بەشە زانستییەکان خۆیان بڕیار لەسەر زمان و گۆڕانکاریی پرۆگرامەکان بدەن.
د. زانا مەحموود بەڵێنیدا بەدواداچوون بۆ داواکاریی خوێندکاران بکات و گوتی، "بەشەکان و خوێندکاران بانگ دەکەم و لەگەڵ راگر و سەرۆک بەشەکان کۆدەبینەوە بۆ ئەوەی بزانین چیمان پێدەکرێت بۆ هاوکاریکردنیان؛ چونکە ئەگەر خوێندکارێک تەنیا لە رێگەی وەرگێڕانەوە بابەتەکان دەرخ بکات، بێگومان ئەو دەستکەوتە زانستییەی کە مەبەستمانە بەدەست نایەت."
