رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییانی ناحیەی بەحرکە لە سنووری پارێزگای هەولێر گلەیی لە خراپیی دۆخی کارەبای نیشتمانی دەکەن و دەڵێن، بەهۆی بێکارەباییەوە ژیانیان "تاڵ بووە". لایەنی پەیوەندیداریش دەڵێت، کێشەکە گشتییە و پەیوەندی بە کارکردن لە وێستگەکانی بەرهەمهێنانەوە هەیە.
بەپێی بەدواداچوونێکی (رادیۆی رووداو)، ناحیەی بەحرکە کە لە پایزی رابردووەوە خراوەتە ناو پڕۆژەی "رووناکی" بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاژێری، ئێستا دانیشتووانەکەی دەڵێن دوو مانگە دۆخی کارەبا تێیدا "زۆر خراپ بووە" و رۆژانە تەنیا 3 کاژێر کارەبایان هەیە.
ژمارەیەک لە هاونیشتمانییانی گەڕەکی بەهاری بەحرکە و ناوچەکانی دەوروبەری، دەنگی ناڕەزایەتییان گەیاندە رووداو و رایانگەیاند، "دوو مانگە کارەبامان زۆر خراپە و تەواوی بەحرکە بەدەست ئەم کێشەیەوە دەناڵێنێت. شەو و رۆژمان تێکچووە."
هاونیشتمانییەکی دانیشتووی بەحرکە دەڵێت، "شەوی رابردوو تاوەکو کاژێر 1:30ـی شەو کارەبا نەبوو، دواتر تەنیا بۆ 10 خولەک هاتەوە و بڕایەوە. هەفتەی پێشووش تەنیا دوو کاژێر کارەبامان هەبووە." هاوکات ئافرەتێکی نیشتەجێی ناحیەکە ئاماژە بەوە دەکات کە دایکی هاوژینەکەی نەخۆشە و لەسەر جێگە کەوتووە، بێکارەبایی و گەرما ژیانی لێ تاڵ کردوون، تەنانەت کاتی ئاو دابەشکردنیش کارەبا نییە تاوەکو تانکییەکانیان پڕ بکەن.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای هەولێر کێشەکەی پشتڕاستکردەوە. بەرپرسێکی بەڕێوەبەرایەتییەکە بە (رادیۆی رووداو)ی راگەیاند، "ئێستا کار لە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا دەکرێت، ئەگەر هیچ گرفتێکی دیکە نەیەتە پێش، لە چەند رۆژی داهاتوودا دۆخەکە چاک دەبێت."
ئەو بەرپرسەی کارەبای هەولێر رەتیکردەوە کێشەکە تەنیا تایبەت بێت بە بەحرکە و گوتی، "تەنیا بەحرکە نییە، مەسەلەکە کارکردنە لە وێستگەکان. ئێستا وەرزی هاوینە و گەرما کاریگەریی هەیە، ئەگینا پێش چوار رۆژ کەس گلەیی نەبوو."
لەلایەکی دیکەوە، ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان بۆ (رادیۆی رووداو) جەختی لەوە کردەوە کە وەزارەتەکەیان بەردەوامە لە هەوڵەکانی و ئێستا سەرقاڵی کارکردنە لە یەکەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، ئەوەش بە مەبەستی جێگیرکردنی دۆخی کارەبا لە وەرزی هاویندا.
