رووداو دیجیتاڵ
وادیارە چیڕۆکی ئەشق و وەفای نێوان ریال مەدرید و لوکا مۆدریچ خاڵی کۆتایی بۆ دانانرێت، هەرچەندە ئەستێرە کرواتییەکە تەمەنی بەرەو کۆتایی کاروانی وەرزشی هەنگاو دەنێت، بەڵام دەرگاکانی سانتیاگو بێرنابیۆ وەک هەمیشە بەڕوویدا واڵان.
بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی ئەی ئێسـی ئیسپانی، فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەی ریال مەدرید، لە کاتی ماڵئاواییکردنی لوکا مۆدریچ لە هاوینی رابردوودا، بەڵێنێکی گەورەی پێداوە. پێرێز پێیگوتووە "دەرگاکانی ریال مەدرید هەمیشە بەڕووتدا کراوەن و هەر کاتێک بڕیاری وازهێنانت دا، خۆت ئەو پۆستە هەڵبژێرە کە دەتەوێت لەناو یانەکەدا پێتبدرێت".
مۆدریچ و میلان؛ کۆتاییەکی تاڵ
لوکا مۆدریچ ئێستا لە دوا وێستگەکانی کاروانی وەرزشیدایە و وەرزێکی پڕ لە هەوراز و نشێوی لەگەڵ یانەی ئەی سی میلانی ئیتاڵی بەڕێکرد. هەرچەندە رۆسۆنێری نەیتوانی بلیتی گەیشتن بە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا بەدەستبهێنێت، بەڵام مۆدریچ لە تەمەنی 40 ساڵیدا سەلماندی کە هێشتا جادووەکەی تەواو نەبووە.
مۆدریچ لەم وەرزەدا 35 یاری بۆ میلان ئەنجامدا و تیایاندا 2 گۆڵی تۆمارکرد و 3 ئەسیستیشی هەبوو، بەڵام پێکان لە هەفتە یەکلاکەرەوەکاندا رێگەی لێگرت یانە ئیتاڵییەکە بەرەو چامپیۆنزلیگ ببات. سەرەڕای ئەوەش مۆدریچ بووە خۆشەویستی هاندەرانی سان سیرۆ و لە هەڵوێستێکی مرۆیی و وەرزشیدا، خەڵاتی باڵۆن دۆرـی ساڵی 2018ـی خۆی پێشکەشی مۆزەخانەی یانەی میلان کرد.
گەڕانەوە بۆ قەڵای سپی
ئەو یاریزانەی لە مانگی ئەیلوولی داهاتوودا تەمەنی دەبێتە 41 ساڵ، باش دەزانێت کاتی وازهێنانی لە یاریکردن نزیکبووەتەوە. راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە مۆدریچ دوای کۆتایی هاتنی مۆندیالی 2026، بڕیاری کۆتایی لەسەر داهاتووی دەدات.
ریال مەدرید نەک تەنیا وەک یاریزانێکی پێشوو، بەڵکو وەک یەکێک لە ئەفسانە هەرە گەورەکانی مێژووی هێڵی ناوەڕاستی یانەکە سەیری مۆدریچ دەکات. ئێستا هەموو چاوەکان لەسەر ماستێرۆن؛ ئایا مۆدریچ وەک راوێژکار، بەڕێوەبەر یان لە پۆستێکی تەکنیکیدا دەگەڕێتەوە بۆ شوێنە دڵخوازەکەی؟ ئەوە پرسیارێکە کە تەنیا کات وەڵامەکەی لایە، بەڵام ئەوەی مسۆگەرە، فلۆرێنتینۆ پێرێز فەرشی سووری بۆ راخستووە.
