رووداو دیجیتاڵ
روونی بارداخچی، هێرشبەری سوێدی، پلانی هەیە لەم هاوینەدا ریزەکانی یانەی بارسێلۆنا جێبهێڵێت، ئەمەش بەمەبەستی بەدەستهێنانی خولەکی زیاتری یاریکردن.
رۆژنامەی سپۆرت بڵاویکردەوە، بارداخچی بە بەڕێوەبەری کارەکانی راگەیاندووە کە دەیەوێت بڕوات و پێشتر گفتوگۆکان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی وەرزشیی یانەی بارسا دەستیان پێکردووە.
ئەم بڕیارە دوای کۆبوونەوەی هانز فلیک، راهێنەری یانەکە، لەگەڵ یاریزانەکان هات بۆ ئەوەی پلانەکانی خۆی بۆ وەرزی نوێیان پێ رابگەیەنێت.
راهێنەرە ئەڵمانییەکە لەگەڵ یاریزانەکەدا زۆر راشکاو بووە؛ روونی بارداخچی تێگەیشتووە کە لامین یامال لەپێش ئەوەوەیە، بۆیە بەدەستهێنانی کاتی یاریکردن بۆ ئەو زۆر قورس دەبێت.
فلیک لە ئاست و کارەکانی ئەم هێرشبەرە باڵە سوێدییە رازییە و نرخ بۆ هەوڵەکانی لە راهێنانەکاندا دادەنێت، بەڵام پێدەچێت چاوەڕوانی زیاتری لێ کردبێت کاتێک لامین یامال لە کۆتاییەکانی وەرزی رابردوودا تووشی پێکان بوو.
بارداخچی دەیەوێت بەخواستن بڕوات
رۆژنامەی سپۆرت ئاماژەی بەوەش کردووە کە یاریزانە سوێدییەکە پێیباشە بەشێوەی خواستن لە بارسا بڕوات، تاوەکو لە داهاتوودا بتوانێت بگەڕێتەوە ریزەکانی ئەو یانەیەی زۆر خۆشی دەوێت، بەڵام پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە: ئایا کارگێڕیی وەرزشیی بارسا بەم بژاردەیە رازی دەبێت، یان پێیان باشترە بەیەکجاری بیفرۆشن بۆ ئەوەی داهاتێک بۆ خەزێنەی یانەکە دابین بکەن؟!.
روونی بارداخچی هاوینی رابردوو لە یانەی کۆپنهاگنەوە بەبڕی 205 ملیۆن یۆرۆ رووی لە بارسێلۆنا کرد و راستەوخۆ پەیوەندی بە تیپی یەکەمەوە کرد.
ئەم یاریزانە سوێدییە 21 ساڵە. 28 یاری بە درێسی بارساوە ئەنجامداوە و تەنیا 2 گۆڵی تۆمارکردووە 'یەکێکیان لە خولی ئیسپانیا و ئەوەی دیکەیان لە جامی سوپەری ئیسپانیا'، گرێبەستەکەشی تاوەکو هاوینی 2029 بەردەوامە.
روونی بارداخچی لە ساتەکانی کۆتاییدا لە لیستی هەڵبژاردەی سوێد بۆ مۆندیالی 2026 دوورخرایەوە.
.jpg.webp&w=3840&q=75)