رووداو دیجیتاڵ
جێگری بەرپرسی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێ، زیاتر لە نیوەی خانەنشینان مووچەیان لە رێگەی (هەژماری من)ـەوە وەردەگرن و داواش لەو خانەنشینانە دەکات کە کارتیان تەواو بووە، بچن وەریبگرنەوە.
عەزیز ئەحمەد، جێگری بەرپرسی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ئاماژەی بە بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆیەک کرد کە تێیدا خانەنشینان لە نۆرەیەکی درێژدا دەبینرێن و نووسیویەتی: "ئەم ڤیدیۆیە زۆر ئازارم دەدات، بەتایبەت بەو پێیەی جێگرەوەیەکی باشتر بۆ خانەنشینان هەیە."
عەزیز ئەحمەد دەڵێت:"لە لیستی مووچەی حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 350 هەزار خانەنشین هەن کە تاوەکو ئێستا زیاتر لە نیوەیان مووچەیان بە شێوەی دیجیتاڵی و لە رێگەی هەژماری منـەوە وەردەگرن، ئەمەش وای کردووە کۆتایی بە نۆرەی درێژی بەردەم بانکەکان بهێندرێ".
جێگری بەرپرسی نووسینگەی سەرۆکوەزیران باسی لەوەشکرد: "نزیکەی 50 هەزار خانەنشین هێشتا کارتە بانکییە چاپکراوەکانی خۆیان وەرنەگرتووەتەوە بۆ ئەوەی بگوازرێنەوە بۆ سیستمی دیجیتاڵی، هەروەها هەزاران کەسی دیکەش هێشتا ناویان لە هەژماری من تۆمار نەکردووە."
عەزیز ئەحمەد داوا لە خانەنشینان دەکات بە زووترین کات کارتەکانیان وەربگرنەوە تاوەکو لە دڵەڕاوکێ و نائارامی رزگاریان بێت و ئاسانتر مووچەکانیان وەربگرن، هاوکات هانی گەنجان و کەسوکاری خانەنشینانیش دەدات کە یارمەتییان بدەن بۆ ناونووسین لە هەژماری من و سوودوەرگرتن لە پارەدانی دیجیتاڵی.
عەزیز ئەحمەد گوتی، تیمی هەژماری من لە نزیکەوە لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئابووری کاردەکات بۆ خێراکردنی پرۆسەی پێدانەوەی کارتە بانکییەکان و تەواوکردنی.
بەپێی دوایین ئاماری پرۆژەی هەژماری من کە بۆ مووچەی مانگی ئایار بڵاوکرایەوە، زیاتر لە 900 هەزار کەس لە پرۆژەکەدا تۆمارکراون و 800 هەزار کارتیش دابەشکراون.

