رووداو دیجیتاڵ
کێشەی گۆڕینی مۆڵەتی شۆفێری لە تایبەتەوە بۆ گشتی، بەتایبەت بۆ ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرە گەورەکان لە پارێزگای دهۆک بەرەو چارەسەربوون دەچێت. گوتەبێژی هاتووچۆی دهۆک دەڵێت، بەم نزیکانە کۆرسی مەشق و راهێنان بۆ شۆفێران دەستپێدەکات.
دوای ئەوەی ژمارەیەک لە شۆفێرانی دهۆک لە رێگەی رووداوەوە گەیشتنی دەنگی خۆیان و کێشەکەیان بە بەرپرسانی هاتووچۆ گەیاند، عەقید ئازاد تەها، گوتەبێژی هاتووچۆی پارێزگای دهۆک بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، لیست و ناوی ئەو شۆفێرانەی داواکارییان پێشکەشکردووە ئامادە کراوە و شوێنی گونجاویش بۆ مەشقەکەیان دابین کراوە.
دوو ساڵ و نیو بوو سەدان شۆفێر لە سنووری دهۆک نەیاندەتوانی مۆڵەتی شۆفێرییەکەیان لە تایبەتەوە بۆ گشتی (پۆلەکانی CE و C1E) بگۆڕن.
گوتەبێژی هاتووچۆی دهۆک هۆکاری ئەو دواکەوتنەی بۆ رێکارە کارگێڕییەکان و چاوەڕوانیکردنی تەواوبوونی کۆرسە هاوشێوەکانی پارێزگای هەولێر گەڕاندەوە و گوتی: "لە چەند رۆژی داهاتوودا پەیوەندی بە یەک بە یەکی پێشکەشکارانەوە دەکرێت بۆ ئەوەی لە کات و شوێنی دیاریکراودا ئامادەی کۆرسەکان ببن."
سەبارەت بە چۆنیەتی گۆڕینی مۆڵەت بۆ بارهەڵگرە گەورەکان، موقەدەم دانا هیدایەت، لێپرسراوی بەشی مۆڵەت لە هاتووچۆی گەرمیان بە رووداوی راگەیاند، پڕۆسەکە بە دوو قۆناخدا تێدەپەڕێت.
قۆناخی یەکەم: شۆفێرەکە دەبێت مۆڵەتی تایبەت بگۆڕێت بۆ پۆلی C1 یان C، کە پێویستی بە تاقیکردنەوەی تیۆری هەیە.
قۆناخی دووەم: بۆ بەدەستهێنانی مۆڵەتی (CE و C1E)، پێویستە شۆفێرەکە 60 کاژێر کۆرسی مەشقی پراکتیکی ببینێت و دواتر لە تاقیکردنەوەی کۆتاییدا سەرکەوتوو بێت.
ئەم هەنگاوەی هاتووچۆی دهۆک دوای ئەوە دێت، شۆفێرانی ئەو پارێزگایە گلەیی ئەوەیان هەبوو پڕۆسەکە لە پارێزگاکانی دیکەی وەک سلێمانی بەبێ کێشە بەڕێوەدەچێت، بەڵام لە دهۆک پەکی کەوتبوو.



