رووداو دیجیتاڵ
ئەحمەد هیلالی، جێگری پارێزگاری حەسەکە بە رووداوی راگەیاند، حکومەتی سووریا زیاتر لە 1200 شەڕڤانی ئازاد کردووە و ژمارەیەکی کەمیان لە زیندانەکان ماون.
ئەحمەد هیلالی، جێگری پارێزگاری حەسەکە، لە وەڵامی پرسیارەکانی نالین حەسەن، پێشکێشکاری رووداو گوتی، حکومەت پابەندە بە ئازادکردنی هەموو شەڕڤانانی هەسەدە، بەڵام هەندێک کەس بەهۆی دۆسیەی دیکەی کەسی یان گشتییەوە بە دەستبەسەری ماونەتەوە.
سەبارەت بە رێککەوتنی 29ی کانوونی دووەم، هیلالی ئاماژەی بەوەدا لە دۆسیەکانی وەک هەڵبژاردن، پەروەردە و ئاسایشدا پێشکەوتنی گەورە روویانداوە و لە ماوەیەکی نزیکدا زیاتر لە 9000 ئەندامی ئاسایش دەبنە بەشێک لە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ؛ ئاماژەی بەوەشکرد، نزیکەی 1650 خێزانی عەفرین ماون و رەنگە لە هەفتەی داهاتوودا کاروانی کۆتایی گەڕانەوەیان رێکبخرێ.
دەقی هەڤپەیڤینەکە
رووداو: ژمارەی ئەو کەسانە چەندە هێشتا لە زیندانەکاندان؟
ئەحمەد هیلالی: ئەو ژمارەیەی لە سەرەتای کاری تیمی سەرۆکایەتییەوە راگەیێندرابوو و بەپێی خەمڵاندنەکانی لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەسەدە، 1070 شەڕڤان بوو. دوای گەڕان لە زۆرێک لە زیندان و ناوەندەکانی راگرتن، حکومەت زیاتر لە 1200 شەڕڤانی هەسەدەی ئازاد کرد. ئێستا، بەڕێوەبەرایەتیی زیندانەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان کار لەسەر لێکۆڵینەوە و ئامارەکان دەکەن. بە گشتی، ژمارەیەکی زۆر نەماوە و حکومەت پابەندە بە ئازادکردنی هەموویان.
رووداو: مەبەست لەو دۆخە تاکەکەسیانە چییە کە ئازادکردنیان دواخراوە؟
ئەحمەد هیلالی: لە تێگەیشتن لە دۆخە تاکەکەسییەکاندا هەڵەتێگەیشتنێک روویداوە. بۆ روونکردنەوە، وەک دەزانرێ، دوای بڕیاری ئازادکردن، رۆتینێک هەیە پەیوەستە بە تۆماری تاوانەکان؛ ئایا ئەو کەسەی لایەنی پەیوەندیدار بڕیاری ئازادکردنی داوە، بەهۆی دۆسیەی دیکەوە داواکراوە یان نا؟ مەبەستمان ئەوەیە کە بە "فیش"ی تاوانەکان ناسراوە، واتە بڕیاری ئازادکردنی دەستبەسەرکراوێک لە دۆسیەیەکی دیاریکراودا دۆسیەکانی دیکە هەڵناوەشێنێتەوە. لێرەدا باس لە چەند دۆخێک دەکەین، بەڵام پێویستیان بە چارەسەرێکی یاساییە.
رووداو: ژمارەی ئەو دەستبەسەرکراوانەی بەهۆی دۆسیەی دیکەوە داواکراون چەندە و نێوەڕۆکی ئەم دۆسیانە بە گشتی چییە؟
ئەحمەد هیلالی: سەبارەت بە ژمارەی دەستبەسەرکراوان لە دۆسیەکانی دیکەدا هیچ ئامارێکی روون نییە. ئەوەی حکومەت پێیەوە پابەندە ئەوەیە کە دەستگیرکردن بەهۆی ئەندامێتی لە هەسەدە نییە، ئەمە شتێکە کە ئێمە تێمانپەڕاندووە.
رووداو: جێبەجێکردنی رێککەوتنی 29ی کانوونی دووەم گەیشتووەتە چ قۆناخێک؟
ئەحمەد هیلالی: رێککەوتنی 29ی کانوونی دووەم، سەرەڕای ئەوەی لە چارەسەرکردنی هەندێک دۆسیە وەک دۆسیەی دادوەری دواکەوتین، بەڵام زۆر دۆسیەی گرنگمان بە هاوکاریی هەموو ئەو کەسانەی دەیانەوێ ئەم پرۆسەیە سەربخەن، چ لەلایەن حکومەتەوە بێت یان لەلایەن هەسەدەوە کۆتایی پێهێنا، وەک دۆسیەی هەڵبژاردنی پەرلەمان کە لە پارێزگای حەسەکە خاڵێکی مێژووییە، هەروەها دۆسیەی پەروەردە و فێرکردن، کە دوای چەند رۆژێکی دیکە دوای چەندین ساڵ بۆ یەکەمجار لە سەرتاسەری پارێزگاکەدا بینەری تاقیکردنەوەکانی ئامادەیی و ناوەندی دەبین. هەروەها لە دۆسیەی بەڕێوەبردنی گەنم و دۆسیەی دەروازەکاندا پێشکەوتن هەیە. لە دۆسیەی ئەمنیشدا لە ماوەیەکی نزیکدا چاوپێکەوتن لەگەڵ زیاتر لە 9000 ئەندامی ئاسایش دەکرێت کە نزیکەی 1000 ژنیان تێدایە، بۆ ئەوەی لەگەڵ دامەزراوەی ئەمنی "بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ناوخۆی پارێزگای حەسەکە"ی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ یەکبخرێن.
رووداو: ژمارەی خێزانە عەفرینییەکان کە ماون چەندە و کەی دەگەڕێنەوە؟
ئەحمەد هیلالی: سەبارەت بە خێزانە عەفرینییەکان، بەپێی دوایین ئامار، نزیکەی 1650 خێزان ماون. ئێمە جەختمان لەوە کردووەتەوە کە رێگە بۆ گەڕانەوەی خێزانەکان بە شێوەیەکی خۆبەخشانە و تاکەکەسی کراوەیە و پێویستی بە هیچ رێکارێکی ئەمنیی نائاسایی نییە. رەنگە لە هەفتەی داهاتوودا بەپێی داواکاریی خەڵک کاروانی کۆتایی ئامادە بکەین، هیچ رێگرییەک لەبەردەم ئەمەدا نییە.
رووداو: کەی یەکەم کاروانی گەڕانەوەی کۆچبەرانی سەرێکانی بەڕێدەکەوێ؟
ئەحمەد هیلالی: سەبارەت بە کۆچبەرانی سەرێکانی، چارەسەر هاوکات دەبێت لەنێوان کۆچبەرانی شاری حەسەکە بەرەو سەرێکانی و گەڕانەوەی کۆچبەرانی سەرێکانی بەرەو حەسەکە. ئێمە دوای کۆتاییهاتنی دۆسیەی کۆچبەرانی عەفرین دەست بە رێکخستنی ئەم بابەتە دەکەین.



