رووداو دیجیتاڵ
بەدواداچوونێکی مەیدانیی تۆڕی میدیایی رووداو کە لە 25ی ئایاری 2026 پێشاندرا، دەریخست بەشێکی خاوەن فرۆشگەکان پەنا دەبەنە بەر زمانەکانی ئینگلیزی و عەرەبی، زمانی کوردی زۆر بە بچووکی لەسەر تابلۆکانیان بەکاردەهێنن و ئەوەش نیگەرانی بەشێکی زۆری هاونیشتمانییانی لێکەوتووەتەوە.
لە کۆبوونەوەی 1ـی حوزەیرانی 2026ـی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، پرسی زمانی کوردی سەر تابلۆکان یەکێک لە مژارەکان بوو. لە کۆبوونەوەکەدا جەخت کرایەوە دەبێت بە زووترین کات ناونیشانی نامۆ و بیانی لەسەر تابلۆ، لیستی خواردنی چێشتخانە و پسووڵەی چێشتخانەکان نەمێنێت و بکرێنە کوردی.
نەریمان فازڵ، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر سەبارەت بە رێکارەکان بە رووداوی راگەیاند: "پاڵپشت بەو فەرمانەی لەلایەن سەرۆکی حکومەت لە ساڵی 2023 دەرچووە، ئێمە لە رێگەی لیژنەکانمانەوە رێکاری پێویستمان گرتووەتەبەر. هەر بنکەیەکی گەشتیاری کە داوای مۆڵەتی گەشتیاری دەکات، لیژنەکانمان کۆمەڵێک مەرج و رێنماییان بۆ دادەنێن. یەکێک لەو مەرجانە نووسینی تابلۆ، لیستی خواردن و پسووڵەیە بە زمانی کوردی."
نەریمان فازڵ دەڵێت: "ئەوەی زۆر گرنگە و پێویستە، دەبێت نووسینە کوردییەکە گەورەتر بێت یان ئەگەر گەورەتریش نەبێت، نابێت لە زمانەکانی دیکە بچووکتر بێت و دەبێت بە هەمان کوالێتی و هەمان فۆنت بنووسرێ".
لە پارێزگای هەولێر هەزار و 611 شوێنی گەشتیاری مۆڵەتیان هەیە. نەریمان فازڵ گوتی: "تاوەکو ئێستا 95%ـی بابەتەکە کۆنترۆڵ کراوە و شوێنەکان بڕیارەکەیان جێبەجێ کردووە. نزیکەی سێ ساڵە لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکومەت کاری لەسەر دەکەین".
بە گوتەی بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر، هەموو شوێنە گەشتیارییەکان پابەند دەکرێن کە مۆڵەتیان هەبێت؛ ئەگەر ئەم مەرجانە جێبەجێ نەکەن، مۆڵەتەکانیان بۆ نوێ ناکرێتەوە؛ باسی لەوەشکرد: "ئەگەر رێنماییەکان جێبەجێ نەکەن، سەرەتا مۆڵەتی هەفتەیەک یان دوو هەفتە یان 10 رۆژیان پێ دەدرێ، ئەگەر هەر جێبەجێیان نەکرد، ئەوا شوێنەکە لە لایەن تیمەکانمانەوە دادەخرێ یان بەپێی سەرپێچییەکە سزای پێبژاردن دەکرێن."
دهۆک؛ زیاتر لە 90٪ پابەند بوون
شەماڵ هروری، گوتەبێژی گەشتوگوزاری دهۆک بە رووداوی راگەیاند: "رێکارەکانی نووسینی ناو لەسەر تابلۆکان، لەسەر راسپاردەی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگاری دهۆک و بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزار لە پارێزگای دهۆک بەردەوام کاریان لەسەر کراوە. بۆ ئەم مەبەستەش لیژنەیەکی تایبەتی پێکهێندراوە و بەدواداچوون بۆ ئەم پرسە دەکەن".
نزیکەی 700 شوێنی گەشتیاری لە پارێزگای دهۆک مۆڵەتیان پێدراوە. شەماڵ هروری گوتی:"زیاتر لە 90%ـی شوێنەکان تابلۆیان بە کوردی نووسیوە و دەبێت پێش هەر زمانێک زمانی کوردی بنووسرێ، ئینجا زمانەکانی دیکە چ ئینگلیزی بێت یان عەرەبی دەتوانن وەک ناوی دووەم و سێیەم بینووسن".
لەبارەی سەرپێچیکردن، گوتەبێژی گەشتوگوزاری دهۆک دەڵێ:"هەر شوێنێکی گەشتیاری پابەندی ئەم بڕیارە نەبێت، مۆڵەتەکەی بۆ نوێ ناکرێتەوە و سزاش دەدرێ. ئەو شوێنانە سەرەتا ئاگادار دەکرێنەوە، ئەگەر لەو ماوەیەدا پابەند نەبن، ئەوا شوێنەکە دادەخرێ یان سزای دارایی (پێبژاردن) دەکرێت تاوەکو ئەو کاتەی کێشەکە چارەسەر دەکەین."
هاوکات کیژان عەبدوڵڵا، لێپرسراوی راگەیاندنی گەشتوگوزاری سلێمانی دەڵێت: "زیاتر لە 98%ـی شوێنە گەشتیارییەکانمان کە ژمارەیان هەزار شوێنە، تابلۆکانیان کردووەتە کوردی. بڕیارەکە لای ئێمە پابەندییە و هەر سەرپێچییەک بە سزای پێبژاردن و داخستن کۆتایی دێت."
لە پارێزگای هەڵەبجەش زیاتر لە 100 شوێنی گەشتیاری مۆڵەتیان هەیە. هەورامان جەلال، بەڕێوەبەری راگەیاندنی گەشتوگوزاری هەڵەبجە بە رووداوی گوت: "زیاتر لە 95%ـی شوێنەکان پابەندن. ئێمە زیاتر لە دوو ساڵە کار لەسەر ئەمە دەکەین و رێگەنادەین هیچ زمانێکی دیکە ببێتە جێگرەوەی زمانی کوردی لەسەر تابلۆکان."
بەگوتەی هەورامان جەلال، لە دوو ساڵی رابردوودا بە دەیان شوێن ئاگادرکراونەتەوە؛ گوتیشی:"ئەم بڕیارە بۆ پارستنی مێژوو و زمانی کوردییە هەر شوێنێک پابەند نەبێت سزا دەدرێ".




