رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی سەرکردایەتیی ئازادیی کوردستان (پاک) راگەیاند، بارەگاکانی "سوپای میللیی کوردستان" لە نزیک کەمپی دارەشەکران لەلایەن ئێرانەوە بە درۆن و مووشەک هێرشیکرایە سەر و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، 9 پێشمەرگە بریندار بوون.
رۆژی دووشەممە 25ـی ئایاری 2026، ئەدیب خالیدیان، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کەمێک لەمەوبەر بارەگاکانی سوپای میللیی کوردستان لە ناوچەی "چەمشار"، کە دەکەوێتە نزیک کەمپی دارەشەکران، بەر دوو هێرشی درۆنی و موشەکێکی ئێران کەوتوون.
سەبارەت بە زیانەکانی هێرشەکە، ئەندامەکەی سەرکردایەتیی (پاک) گوتی، 9 پێشمەرگە بریندار بوون کە برینی چواریان سەختە.
سەرەڕای راگەیاندنی ئاگربەست لە 8ی نیسانەوە لە نێوان ئەمریکا و ئێران، بەڵام هێرشەکانی ئێران بە درۆن و مووشەک بۆ سەر بارەگا و کەمپەکانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامن.
