رووداو دیجیتاڵ
جەمیل یوسف، پەیکەرسازێکی ناسراوی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان، لە پایتەختی هەرێمی کوردستان پڕۆژەیەکی هونەریی گەورەی تەواو کرد؛ پەیکەرێکی "جامی جیهانی" بە بەرزیی نزیکەی 5 مەتر کە تێیدا ئاڵای کوردستان لە تەنیشت ئاڵای وڵاتانی جیهان نەخشێنراوە.
پەیکەرەکە کە وەک هێمایەک بۆ ئاشتی و پێکەوەژیان دروستکراوە، دوای سێ مانگ لە کارکردنی بەردەوام لە شاری هەولێر کۆتاییهات.
95 رۆژ کارکردن
جەمیل یوسف، لە کاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، کە نالین حەسەن پێشکێشی دەکات، وردەکاریی پڕۆژەکەی ئاشکرا کردو گوتی: "تیمێکی 25 کەسی لە ئەندازیار، شێوەکار، پەیکەرساز و تەکنیکار بۆ ماوەی 95 رۆژ شەو و رۆژ کارمان کردووە تاوەکو بەرهەمێک بخەینە روو کە کوالێتییەکەی لە ئاستی جیهانیدا بێت."
پەیکەرەکە بەرزییەکەی 4.80 مەترە و لە دروستکردنیدا کەرەستەی وەک ئاسن، دار، جەپس، کاغەزی زێڕ و مادەی ئەکریلیک بەکارهێنراون، بە جۆرێک کە لە بەرامبەر گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوادا خۆڕاگر بێت.
ئاڵای کوردستان؛ "دڵمان نەدەهات وڵاتەکەمان غایب بێت"
سەبارەت بە نەخشاندنی ئاڵای کوردستان لەسەر جامەکە، لە کاتێکدا کوردستان وەک تیم بەشداری مۆندیال نییە، جەمیل یوسف دەڵێت: "وەک کوردێک کاتێک دەبینم ئاڵای وڵاتەکەم لەنێو ئاڵاکانی جیهاندا نییە، دڵم پێی دێشێت. ویستمان پەیامێک بدەین کە کوردستان دەرگای بۆ هەمووان کراوەیەو لێرە زیاتر لە 15 نەتەوە بە ئاشتی دەژین."
بڕیارە ئەم پەیکەرە لە یەکێک لە شوێنە دیارەکانی هەولێر دابنرێت. هەروەها هونەرمەندەکە ئاماژەی بەوە کرد کە ئەگەری هەیە پەیکەرەکە وەک خەڵات پێشکەشی شاری زاخۆ بکرێت، وەک رێزێک بۆ جەماوەرە وەرزش دۆستەکەی.
'کلیلی ئازادی بۆ سەرۆک نێچیرڤان بارزانی'
جەمیل یوسف کە ماوەی 20 ساڵە لەم بوارەدا کار دەکات، سوپاسی پشتیوانییەکانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ خەڵکی رۆژئاوای کوردستان. رایگەیاند کە پڕۆژەیەکی نوێی بە ناوی )کلیلی ئازادی) ئامادە کردووە و بڕیارە وەک نیشانەی وەفاداری پێشکەشی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی بکات.
دیارییەک بۆ 13 ساڵەی رووداو
ئەو پەیکەرسازە بەبۆنەی 13 ساڵەی دامەزراندنی تۆڕی میدیایی رووداو، دیارییەکی تایبەتی پێشکێشی رووداو کرد. دیارییەکە پەیکەرێکی دەستکرد بوو لە داری رەسەن کە شێوەی "داری بەڕوو"ی هەبوو.
یوسف لەبارەی واتای دیارییەکەوە گوتی: "رووداو وەک داری بەڕووە، رەگی داکوتاوە و لقەکانی بە جیهاندا بڵاوبوونەتەوە. من تەمەنی 13 ساڵەی رووداوم وەک ئەڵقەکانی سەر قەدی دارەکە نەخشاندووە."
.png&w=3840&q=75)



