Rudaw Logo
راستەوخۆ
کوردستانهەواڵە ناوخۆییەکاندیاسپۆرا
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
جیهانئابووریهەڤپەیڤینتەندروستیپۆدکاستبیروڕاکولتووروەرزشمەڵتیمیدیابەرنامەکاندۆکیۆمێنتاری
Rudaw

ئەپلیکەیشنی رووداو دابەزێنە

App StoreGoogle Play
نهێنیپارێزی•مەرج و بەندەکان

© 2026 هەموو مافەکان پارێزراون.

Rudaw

ئەپلیکەیشنی رووداو دابەزێنە

App StoreGoogle Play
نهێنیپارێزیمەرج و بەندەکان

© 2026 هەموو مافەکان پارێزراون.

کولتوور

'رەش و سپی' ماهیر ئەمین و قوبادی جەلیزادە بەیەکەوە کۆدەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ

رووداو دیجیتاڵ

02-10-2026
گوێبگرە
0:00
0:00
قەبارەی دەق
رووداو دیجیتاڵ
رووداو دیجیتاڵ02-10-2026

بابەتی پەیوەندیدار

لە هەولێر رێز لە پێنج هونەرمەند گیرا
کولتوور 19-10-2026

لە هەولێر رێز لە پێنج هونەرمەند گیرا

کەمال محەممەد و هێمن حەمەساڵح دوێتێکیان بڵاوکردەوە
کولتوور 16-10-2026

کەمال محەممەد و هێمن حەمەساڵح دوێتێکیان بڵاوکردەوە

کێ خەڵاتی نۆبڵی وێژەی ئەمساڵ دەباتەوە؟ ژنانی ئەمریکای لاتین و کاریبی لە پێشەوەن
کولتوور 08-10-2026

کێ خەڵاتی نۆبڵی وێژەی ئەمساڵ دەباتەوە؟ ژنانی ئەمریکای لاتین و کاریبی لە پێشەوەن

رووداو دیجیتاڵ

نوێترین بەرهەمی هونەرمەند ماهیر ئەمین لە ژێر ناونیشانی 'رەش و سپی' بڵاوکرایەوە. هۆنراوەی بەرهەمەکە لە نووسینی شاعیری ناسراوی باشووری کوردستان قوبادی جەلیزادەیە. قوبادی جەلیزادە شیعرەکەی بەر لە پازدە ساڵ نووسیوە و پێی وایە دەق، ئاواز و دەنگی خۆشی ماهیر ئەمین بەرهەمێکی جیاوازیان بەرهەمهێناوە، بۆیە لەوانەیە چەند نەوەی دیکە ئەم گۆرانییە لە باوەش بگرن و ئێستا تەنیا کەسانی دەستەبژێر گرنگیی پێ بدەن.


لەو بارەوە قوبادی جەلیزادەی شاعیر دەڵێت، کە شیعرەکەی ئەو ناونیشانی 'رەشماڵ' بوو، بەڵام هونەرمەند ماهیر کردوویەتییە 'رەش و سپی' و گوتیشی: "من پێم وایە هەڵبژاردنی رەش و سپی وەک ناونیشان بۆ گۆرانییەکە گوێگر تووشی تێڕامان و پرسیاری جیاجیا دەکات و رەهەندێکی دیش بە ناوەڕۆکی دەقەکە دەبەخشێت. رەش و سپی وەک ناونیشان پرسیارگەلێک لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت کە لە ناونیشانی رەشماڵ جێگەی هەموو پرسیارەکانی تێدا نەبێتەوە. سوپاسی مامۆستا ماهیر دەکەم کە لە من هۆشیارتر و زیرەکانەتر جەختی لە سەر ناونیشانی رەش و سپی کردووەتەوە."

زۆربەی گۆرانیبێژان شیعری سادە دەکەنە گۆرانی و ئاوازی بۆ دادەنێن، کەمتر خۆیان لە شیعری نوێ دەدەن بۆ ئاوازدانان، جەلیزادە کە شیعرەکانی وەک فۆرم دەچنە خانەی شیعری نوێ و ئازاد لەو بارەوە دەڵێت: "من پێم وایە ئاوازدانەری کورد زیاتر ئەو دەقە شیعرییانە بۆ ئاوازدانان هەڵدەبژێرێت، کە کێشدار و سەروادار بن، میوزیکی دەرەوەی دەق، واتە میوزیکی روخساریان بە لاوە گرنگە چونکە ئاسانتر دەکەونە ژێر هەژموونی ئاوازەوە، بۆیە هیچ بایەخێک بە میوزیکی ناوەوەی دەق نادەن، لە کاتێکدا شیعری نوێ پتر بایەخ بە میوزیکی ناوەوە دەدات کە وشە و رستە و تەنانەت پیت و فۆنەتیک دەیخوڵقێنن. مامۆستا ماهیر زۆر ئازا و بوێر بووە کە خۆی لە تێکستێک داوە، کە میوزیکی دەرەوە، میوزیکی روخسار هەر بوونی نییە و میوزیکی دەقەکە لە ناخی دەقەکە خڕبووەتەوە، من ناوم لەم جۆرە دەقە ناوە دەقی جیوەیی، دەقی جووڵەدار، دەقی سەرشێت کە بە ئاسانی ناچێتە ژێر رکێفی ئاوازەوە."

لە بارەی گۆرانییەکەش، قوبادی جەلیزادە دەڵێت: "کە گوێ لە گۆرانییەکە دەگرم، بێ ئەوەی تەماشای ڤیدیۆکلیپەکە بکەم، هەست دەکەم ترپەی سمی گوێدرێژ و باعەی مەڕ و گارەگاری مریشک دەبیستم، گوێم لە ترپەی پێی پیاوێکی کاکۆڵ سپی و کیژۆڵەیەکی پرچ رەش دەبێت کە بە دەوارێکی رەش و سپییەوە، لە شێوەی کاروانێکی خنجیلەدا، ژاوەژاوی شار جێدەهێڵن و باوەش بە مێرگێکی سەوزی دەرەوەی شار دەکەن و جارێکی دیکە سروشت لەگەڵ خۆیاندا ئاشت دەکەنەوە."

بەشێک لە کلیپی گۆرانییەکە بە سوودوەرگرتن لە ئەی ئای دروستکراوە. ماهیر ئەمین لە ئەم بارەوە دەڵێت، ئەنیمەیشنیان بۆ کلیپەکە بەکارهێناوە بۆ ئەوەی ئەو کاتە پێشان بدەن کە ژیان رەش و سپی بوو، بەڵام ناخی مرۆڤەکان رەنگاوڕەنگ بوون.

ماهیر هەروەها دەڵێت: "گۆرانیی (رەش و سپی) تازەترینی منە و ئەزموونێکی تازەیە بۆم... پێم وایە لە گۆرانیی کوردییشدا زۆر بە دەگمەن کار لە سەر ئەم جۆرە لە فۆرم و ناوەڕۆکی شیعرە کراوە.. لە رووی میلۆدی و دابەشکردنی میوزیکیشەوە کارێکی جیاواز و کەموێنەیە. هەوڵمانداوە کلیپێکی شایستەشی بۆ بکەین و جێی شانازی و خۆشحاڵیمە کە شاعیری گەورە (قوبادی جەلیزادە) کە خاوەنی شیعری گۆرانییەکەیە، لە کلیپەکەشدا بەشدارە."

ماهیر ئەمین و قوبادی جەلیزادە میوانی رووداو بوون و باس لەو بەرهەمە دەکەن، کە پێشکەشکاری رووداو ژیار حەکیم گفتوگۆی لەگەڵ کردوون.

بابەتی پەیوەندیدار

لە هەولێر رێز لە پێنج هونەرمەند گیرا
کولتوور 19-10-2026

لە هەولێر رێز لە پێنج هونەرمەند گیرا

کەمال محەممەد و هێمن حەمەساڵح دوێتێکیان بڵاوکردەوە
کولتوور 16-10-2026

کەمال محەممەد و هێمن حەمەساڵح دوێتێکیان بڵاوکردەوە

کێ خەڵاتی نۆبڵی وێژەی ئەمساڵ دەباتەوە؟ ژنانی ئەمریکای لاتین و کاریبی لە پێشەوەن
کولتوور 08-10-2026

کێ خەڵاتی نۆبڵی وێژەی ئەمساڵ دەباتەوە؟ ژنانی ئەمریکای لاتین و کاریبی لە پێشەوەن

پێشنیازەکان

ئەمەنەش ببینە