رووداو دیجیتاڵ
نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بە کەمتر لە 4 هەزار دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت، د. ترەیدەر دەڵێت، بۆ پاشەکەوت دەتوانن لە نرخی ئێستا یان کەمتر زێڕ بکڕن.
رۆژی 27ـی تشرینی یەکەمی 2026، د. محەممەد ئەمین، پسپۆڕی بازاڕە داراییەکان، کە بە (د. ترەیدەر) ناسراوە، لە کاتی شرۆڤەی نرخی زێڕ لەگەڵ محەممەد شێخ فاتیح رایگەیاند، خەڵک بۆ ئەوەی لە مامەڵەی زێڕدا تووشی زیان نەبێت، دەبێت بە وریایەوە مامەڵە بکات، ئەگەرنا تووشی زیان دەبن.
د. ترەیدەر باسی لەوەشکرد، ئەو کەسانەی کە پارەیان هەیە و دەیانەوێت پاشەکەوت بکەن لە نرخی ئێستادا یان کەمتر دەتوانن زێڕ بکڕن.
رۆژی 27ـی تشرینی یەکەمی 2026، نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ بە کەمتر لە 4 هەزار دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
د.ترەیدەر روونیکردەوە، هاووڵاتییان ئەگەر هەموو پارەکانیان تەنیا نەخەنە یەک بازرگانییەوە واتا بە نموونە تەنیا زێڕ نەکڕن و بەشێکی پارەکانیشیان بکەنە دۆلار دەتوانن باشترین مامەڵە بکەن و لە ئەگەری بەرزبوونەوەی هەریەکیان قازانج بکەن.
ئەگەرچی ئاراستەی نرخی زێڕ لە دابەزینە، بەڵام بەهۆی پێشبنییەکانی بۆ بڕیاری بانکی ناوەندی بەو ئاڕاستەیەن کە گوشاری دیکە لەسەر نرخی زێڕ دروست نەبێت.
بازاڕەکان ئەگەری بەرزکردنەوەی رێژەی سوود لە کۆبوونەوەی ئەم هەفتەیەدا تەنیا بە نزیکەی 10% دادەنێن، بەڵام بەرزمانەوەی نرخی وزە وادەکات ئەگەری بەرزکردنەوەی سوود پێش کۆتایی ئەمساڵ بە بەرزی بمێنێتەوە.


