رووداو دیجیتاڵ
خۆپێشاندانەکانی ئەورووپا دەگەنە سویسرا و دەنگی ناڕەزایەتی دژی گرانی بەرز دەبێتەوە، د. ترەیدەر دەڵێت، دۆخی ئابووری لە سویسرا باشە و سیستمی بانکی وڵاتەکەی لە شەپۆلی هەڵاوسانی ئەورووپا پاراستووە.
خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکان سویسراشیان گرتەوە، خەڵک دژی گرانی کرێی خانو و تێچووی ژیان خۆپێشاندانیان کرد.
رۆژی 03ـی تشرینی دووەمی 2026، د. محەممەد ئەمین، پسپۆڕی بازاڕە داراییەکان، کە بە (د. ترەیدەر) ناسراوە، لە شرۆڤەی کاریگەری خۆپێشاندانەکان لەسەر بازاڕە داراییەکان لەگەڵ محەممەد شێخ فاتیح پێشکێشکاری ئابووری رایگەیاند، خۆپێشاندانەکان کاریگەرییەکی زۆرییان لەسەر بۆرسەکان نەبووە، چونکە خۆپێشاندانەکانی سویسرا فراوان نەبوون.
بەپێی بانکی ناوەندی ئەورووپا، نرخی خواردن لە ناوچەی یۆرۆ نزیکەی 30٪ لە کۆتایی 2021ەوە گرانتر بووە.
بە گوێرەی داتاکانی یۆرۆستات کە دامەزراوەی فەرمیی ئاماریی یەکێتیی ئەورووپایە، لە ئەیلوولی 2026دا رێژەی هەڵاوسان بۆ 3.8٪ بەرزبووەتەوە، لە رۆمانیا 6.5٪، یۆنان 5.1٪ و ئیسپانیا ٪5 تۆمار کراوە؛ هەروەها نرخی وزە لە ناوچەی یۆرۆ 18.9٪ زیاد بووە.
بە گوێرەی داتاکان رێژەی هەڵاوسان لە سویسرا لە مانگی ئەیلوول 1٪ بووە، بەڵام لە مانگی تشرینی یەکەمدا بۆ 1.5٪ بەرز بووەتەوە.
د. ترەیدەر هۆکاری جیاوازی رێژەی هەڵاوسان لەنێوان ئەورووپا و سویسرا بۆ جیاوازی سیستمی بانکی گەڕاندەوە و گوتی، "سویسرا سیستمێکی بانکی سەربەخۆی هەیە، بۆیە رێژەی هەڵاوسانی کەمترە".
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، تاوەکو ئێستا خۆپێشاندانەکان کاریگەرییان لەسەر ئابووری سویسرا دەرنەکەوتووە و کاریگەرییان نەبووە.
لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوولی ئەم ساڵەوە، شەپۆلێکی خۆپێشاندان دژی گرانی و هەڵاوسان وڵاتانی ئەورووپای گرتووە.
خۆپێشاندان لە وڵاتانی فەڕەنسا، ئیتاڵیا، ئیسپانیا، بەلجیکا، ئەلبانیا، ئەڵمانیا و پۆرتوگال کران.
خۆپێشاندەران داوای زیادکردنی مووچە، کەمکردنەوەی تێچووی ژیان و دابینکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان دەکەن.



