رووداو پڕۆژەی لاڤێندەر سیتی لە باکووری پارێزگای هەولێر و لەسەر شەقامی 150 مەتری هەڵکەوتووە، هاوتەریبە لەگەڵ پشتێنەی سەوزایی، بە دیزاینێکی ئەمڕۆیانە و سیستەمێکی زیرەک دەبێتە نیشتمانێک بۆ ئەو کەسانەی بەدوای ژیانێکی ئارام و ژینگەیەکی تەندروستدا دەگەڕێن، لاڤێندەر سیتی لە 920 ڤێلای 220 مەتری پێکهاتووە و بۆ کارەبا پشت بە وزەی خۆر دەبەستێت. کامەران عەلی، نوێنەری پڕۆژەی لاڤێندەر سیتی بە رووداوی گوت: "توانیمان ئیڤێنتی سەرکەوتنی بەبازاڕکردنی لاڤێندەر سیتی رابگەیەنین." چەندین کۆمپانیای خانوبەرە لەم ئیڤێنتەی راگەیاندنی پڕۆژەکە ئامادە بوون و پێشبڕکێیان کرد بۆ بەشداری لە کڕین و فرۆشتنی ڤێلاکان. ئەحمەد رەمزی، خاوەن پڕۆژەی لاڤێندەر سیتی و بە رووداوی راگەیاند: "پڕۆژەکە چەند ساڵە مۆڵەتی فەرمی هەیە، بەڵام ئێمە ویستمان هەموو رێکارەکانی تەواو بکەین و بیهێنینە بازاڕەوە، ئێستاش هەموو رێکارە یاساییەکانمان تەواوکردووە" ئەحمەد رەمزی، سەبارەت بە نرخ و شێوازی فرۆشتنی ڤێلاکان دەڵێت: " هەر ڤێلایەک نرخەکەی 157 هەزار دۆلارە، لەگەڵ واژۆی گرێبەست 70٪ـی پارەکەی تا وەرگرتنی کلیل بە پێنج قیست دەدرێت و 30٪ـی پارەکەش بە ماوەی سێ ساڵ و بە قیستی 500 دۆلاری دەدرێت." ڤێلاکان لە هۆڵی گەورەی میوان، دوو چێشتخانەی داخرا و کراوە، سێ ژووری نووستن و باخچەیەکی 55 مەتری پێکدێن. دلۆڤان دلاوەر، ئەندازیار و بەڕێوەبەریی کۆمپانیای ئێنکیدۆیە کە تایبەتە بە ریکلام و دیزاین و بە رووداوی گوت: "پرۆژەکە وا دیزاینکراوە باخچەی ڤێلاکان تەنیا بۆ ڤێلاکان نەبێت، بەڵکو بەشێک لە شەقامیش بێت و ئەوەش وادەکات کاتێک ئەگە منداڵێک بچێتە قوتابخانە، کەسێک بچێتە مارکێت یا مزگەوت بەناو سەوزاییەکی تەواودا بڕوات، نەک بەسەر شەقامی سەرەکیدا" بڕیارە پڕۆژەکە بە دوو ساڵ و نیو تەواوبکرێت.