رووداو-دیجیتاڵ
رۆژانی 9 و 10 حوزەیرانی 2026، کۆڕبەندی جیهانی وزەی ئەنجوومەنی
ئەتڵانتیک لە واشنتن بەڕێوەچوو، یەکێکە لە دیارترین کۆڕبەندە جیهانییەکان و ساڵانە
گرنگترین بڕیاردەرانی بواری وزە، سیاسەتی دەرەوە و پسپۆڕان لە سەرانسەری جیهان
کۆدەکاتەوە بۆ داڕشتنی نەخشەی رێگەی وزە.
دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداو لە واشنتن لەم
کۆڕبەندە بەشدار بوو و رایگەیاند: "لە کۆڕبەندەکەدا بەرپرسانی نەوتی عێراق و
هەرێمی کوردستان تێیدا بەشدارنەبوون، بەڵام پرسی نەوتی عێراق و گواستنەوەی لە
رێگەی بۆریی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕەکانی جیهان، یەکێک بوو لە مژارە گرنگەکانی
ئەم کۆڕبەندە."
مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان
(ئەپیکور) بە رووداوی گوت: ''حکومەتی نوێی عێراق لە ژێر سەرکردایەتیی عەلی زەیدی
هەنگاوێکی نوێ و باشی ناوە بە بانگهێشتکردنی کۆمپانیاکانی نەوتی کوردستان بۆ کۆبوونەوە،
چونکە بەغدا لە گرنگی بەرهەمهێنانی نەوت زیاتر و هەناردەکردنی ئەو نەوتە لە رێگەی
بۆریی نەوتی عێراق - تورکیا تێگەیشتووە، ئەمەش روونە، بەهۆی شەڕی ئێران، هەناردەکردنی
ئەو نەوتە لە رێگەی کوردستان شتێکی گرنگە بۆ هەموو خەڵکی عێراق."
مایڵز کاگینز هەروەها دەڵێت: "من دووساڵە لە رێگەی
رووداوەوە دەڵێم، بەغدا ئاماژە دەنێرێت بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنان بۆ نزیکەی 600 بۆ 700 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا،
ئەمەش ئاماژەیەکی باشە بۆ کۆمپانیاکانی نەوت لە کوردستان، بۆ وەبەرهێنەران و لە
هەمووش گرنگتر خەڵکی عێراق.''
بەهۆی جەنگی ئێران و ئەمریکا-ئیسرائیل و داخرانی تەنگەی
هورمز، بۆرییی نەوتی هەرێمی کوردستان، بایەخێکی گەورەی لای ناوەندەکانی وزەی جیهان،
وڵاتان و کۆمپانیاکانی نەوتیش بۆ دروستبووە.
کۆمپانیاکانیا بیانییەکانی نەوت کە لە هەرێمی کوردستان
کار دەکەن زۆربەیان لەم کۆڕبەندە بەشدارن و چاویان لەوەیە حکومەتی نوێی عێراق درک
بە گرنگی ئەم دۆخە بکات و کار ئاسانی زیاتر بۆ کاری کۆمپانیاکان و هەروەها
هەناردەی نەوتەکەش بۆ بازاڕەکانی جیهان لە رێگەی ئەم بۆرییەوە بکات.
رەعد قادری، پسپۆڕی بواری وزە بە رووداوی گوت: "پێموایە حکومەتی نوێی عێراق لەگەڵ
دەستبەکاربوونی رووبەرووی قەیرانی گەورەی وزە بووەتەوە. پرسی سەرەکی بۆ بەرپرسانی
حکومەت ئەوەیە چۆن رێگەی هەناردەی وزە دەدۆزنەوە، کە ئێستا بەهۆی داخرانی تەنگەی
هورمز کێشەی بۆ دروستبووە."
ئەو پسپۆرەی بواری وزە باس لە گرنگی بۆریی نەوتی کوردستان
دەکات و دەڵێت، بۆریی نەوتی کوردستان جێگرەوەیەکی باشە بۆ ئەم ئاستەنگەی بەهۆی
داخرانی تەنگەی هورمز بۆ هەناردەی نەوتی عێراق دروست بووە.
رەعد قادری دەڵێت: "ئێستا حکومەتی عێراق بۆ تەواوی
هەناردەی نەوت پشت بەم بۆرییە دەبەستێت، دەبێت لەداهاتوودا لەبارەی ئەم بۆرییە گفتوگۆ
لەگەڵ تورکیا بکات، هەروەها پێویستە هاوئاهەنگی لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکانیش بکات
کە کوردستانیش لەم بوارەدا رۆڵێکی گەورەی دەبێت.''
لە رۆژی دووەمی کۆڕبەندەکەدا، دیدارێکی تایبەت بە کەرتی وزەی عێراق و هەرێمی
کوردستان بەڕێوەچوو، لە دیدارەکەدا تریفە عەزیز، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان،
نوێنەرانەی باڵیۆزخانەی عێراق، بەرپرسانی ئەمریکا و کۆمپانیاکانی نەوت و وزە لە عێراق
و هەرێمی کوردستان بەشداربوون.
لە کۆڕبەندەکە جگە لە گەورەکانی کەرتی وزە لە رۆژهەڵاتی
نێوەڕاست، بەرپرسانی نوێیی حکومەتی سووریا، ژمارەیەک وەزیری وزەی وڵاتان و
بەرپرسانی ئەمریکاش بەشدارن.
بەهۆی شەڕی ئێران و داخرانی تەنگەی هورمزیش، بەشی زۆری
گفتوگۆکانی ئەمساڵ لەسەر لێکەوتەکانی ئەم شەڕە و کاریگەرییەکانی داخرانی تەنگەکە بوو
لەسەر کەرتی وزە و بازاڕەکەی لە جیهاندا.

.jpg&w=3840&q=75)

.jpg&w=3840&q=75)