رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی یەکلاییکردنەوەی وردەکارییە تەکنیکییەکانی سیستمی (ئەسیکۆدا) سەردانی بەغدا بکات. سەرۆکی شاندی دانوستاندنکاری سیستمی ئەسیکۆدا دەڵێ، "دوای ئەوەی رێککەوینی کۆتایی کرا، هەموو هەوڵێک دەدەین لە 4 مانگدا سیستمەکە بخەینە واری جێبەجێکردنەوە."
رۆژی چوارشەممە، 17ـی حوزەیرانی 2026، د. سامی جەلال، راوێژکاری یاسایی وەزارەتی ناوخۆ و سەرۆکی شاندی دانوستاندنکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان تایبەت بە سیستمی ئەسیکۆدا، بۆ تۆڕی میدیایی رووداو وردەکاریی سەردانەکەی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، "بڕیارە ئەمڕۆ بۆ بابەتی ئەسیکۆدا بچینە بەغدا. بە شێوەیەکی گشتی رێککەوتن کراوە، بەڵام هەندێک بابەتی تەکنیکی ماون کە هێشتا بە تەواوی نەگەیشتووینەتە لێکتێنەگەیشتن و یەکلایی نەکراونەتەوە."
سامی جەلال گوتی، "ئەو خاڵانەی ماون بریتین لە شێوازی جێبەجێکردنی رێکارەکان، گومرگ، رسوومات، باج و چەند وردەکارییەکی دیکەی تەکنیکی کە پەیوەندییان بە لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە هەیە."
سەرۆکی تیمی دانوستاندنکاری تایبەت بە سیستمی ئەسیکۆدا دەڵێ، "رێککەوتنەکە لە ئەنجوومەنی ئابووری عێراق دەکرێ و سەردانەکەی ئێمەش بۆ تەواوکردنی رێکارە تەکنیکییەکانە."
سیستمەکە چەند کاتی پێویستە تاوەکو جێبەجێ دەکرێ؟
لەبارەی کاتی جێبەجێکردنی سیستەمەکە سامی جەلال گوتی، "عێراق سیستمەکەی بە 2 ساڵ جێبەجێ کرد، بەڵام ئێمە دوای رێککەوتنی کۆتایی، هەوڵ دەدەین بە 4 مانگ جێبەجێی بکەین."
17ی ئاداری 2026 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی سیستمی ئەسیکۆدا بە رووداوی گوت، "ئەوەی لەسەر هەرێمی کوردستان پێویستە ئێمە رەزامەندییمان دەربڕیوە و رازیش بووین بەوەی کە سیستمەکە لە هەرێمی کوردستان جێگیر بکرێ، بەڵام میکانیزمی جێبەجێکردنەکەی دەبێت بە رێگەی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستانەوە بێت، ئەمەش کاتی دەوێ."
ئەسیکۆدا (ASYCUDA) سیستمێکی ئەلیکترۆنیی جیهانیی تایبەت بە بازرگانی و گومرگە لە دەروازەکان، کە زانیارییە بازرگانییەکان لە نێوان دامەزراوەکان دەگوازێتەوە.
هەرچەندە سامی جەلال ئاماژە بەوە دەکات کە سیستمەکەی بەغدا "کۆنە" و ئەوان دەیانەوێ سیستمێکی پێشکەوتووتر پەیڕەو بکەن، بەڵام بەپێی لێکتێگەیشتنەکە، سیستمەکە لەلایەن تیمی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەڕێوەدەبرێ و چەند تایبەتمەندییەکی ناوخۆیی بۆ زیاد دەکرێت.




