رووداو دیجیتاڵ
نەواف عەبدولحەمید، لێپرسراوی سایلۆکانی کۆبانێ دەڵێ، سنووری کۆبانێ رووبەڕووی قەیرانێکی جیدیی کۆگاکردنی گەنم بووەتەوە و سەرەڕای ئەوەی پێشبینی دەکرێ ئەم ساڵ 60 هەزار تۆن گەنم لە ناوچەکە بەرهەم بهێندرێ، توانای سایلۆکان تەنیا 25 هەزار تۆنە.
نەواف عەبدولحەمید لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی (نووڕۆژ)ی رووداو کە نالین حەسەن پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، لە ناوچەی کۆبانێ سێ سایلۆ هەن (کۆبانێ، چەلەبی و سرین)، بەڵام ئێستا تەنیا سایلۆکانی کۆبانێ و چەلەبی لە کاردان. سایلۆی سرین لەکارکەوتووە و تەنیا وەک شوێنی کڕین بەکاردەهێندرێ، بێ ئەوەی گەنمی لێ کۆگا بکرێ.
بە گوتەی لێپرسراوی سایلۆکان، بۆیان دەستنیشان کراوە رۆژانە لە هەریەک لە سایلۆکانی کۆبانێ و چەلەبی تەنیا 500 تۆن گەنم وەربگرن و لە سرینیش ئەم بڕە 250 تۆنە. تاوەکو رۆژی دووشەممە 15ی حوزەیرانی 2026، لە سایلۆی کۆبانێ 1500 تۆن گەنم وەرگیراوە. نەواف عەبدولحەمید گوتی، "بەهۆی ئەوەی توانای وەرگرتن کەمە، پێشبینی دەکەین پرۆسەی وەرگرتنی گەنم تا 20 رۆژی دیکە بەردەوام بێت."
مانەوەی گەنم
یەکێک لە کێشە هەرە گەورەکان کەمیی توانای کۆگاکردنە. هەردوو سایلۆ چالاکەکە (کۆبانێ و چەلەبی) هەریەکەیان 12.500 تۆن دەگرن، کە بە گشتی دەکاتە 25 هەزار تۆن.
نەواف عەبدولحەمید هۆشداری دا کە گەنمە ماوەکە (35 هەزار تۆن) لەسەر زەوی دەمێنێتەوە، چونکە رێگە نادرێ جووتیاران گەنمەکەیان بەرەو شارەکانی دیکە ببەن و بفرۆشن، بەڵام ئاماژەی بە بەڵێنەکانی حکومەت کرد کە دوای پڕبوونی سایلۆکان، گەنمەکە دەگوازرێتەوە تاوەکو شوێن بۆ گەنمە ماوەکە بکرێتەوە.
کێشە و گرفتە تەکنیکی و ئابوورییەکان
بە گوتەی نەواف عەبدولحەمید، پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی ئەم ساڵ رووبەڕووی چەندین ئاستەنگی تەکنیکی و ئابووری بووەتەوە کە راستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر داهات و کاری جووتیاران هەیە.
یەکێک لەو ئاستەنگە سەرەکییانە، سیستمی تۆمارکردنە لە پلاتفۆرمە ئەلیکترۆنییەکە.
نەواف عەبدولحەمید ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی لاوازیی زۆری تۆڕی پەیوەندییەکانی (سوریتێل) لە ناوچەکە، جووتیاران لە تۆمارکردنی ناو و گرتنی سەرەی خۆیاندا رووبەڕووی زەحمەتییەکی زۆر دەبنەوە، ئەمەش دەبێتەهۆی دواکەوتنێکی بەرچاو لە رادەستکردنی بەرهەم.
لە هەمان کاتدا، دۆخی ئابووری و ناسەقامگیریی نرخی دراو ترسی خستووەتە دڵی جووتیارانەوە، چونکە بڕیاردراوە پارەی گەنم بە لیرەی سووری بدرێ، جووتیاران بەهۆی دابەزینی بەردەوامی نرخی لیرە بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی نیگەرانن.
ئەم ناڕوونییە لە نرخی لیرەدا وای کردووە جووتیاران بترسن لەوەی رەنجی ساڵێکیان بەهەدەر بچێت.
نەواف عەبدولحەمید دەڵێ، "رۆژانە وەرگرتنی تەنیا 500 تۆن گەنم لە هەر سایلۆیەک، لەچاو قەبارەی زۆری بەرهەمی ئەم ساڵ زۆر کەمە و ئەمەش قەرەباڵخییەکی زۆر لەبەردەم دەرگای سایلۆکان دروست دەکات."
پێویستیی ساڵانەی گەنم
سەرەڕای هەموو ئەم کێشانە، لێپرسراوی سایلۆکان رایگەیاند، دوای رادەستکردنی گەنم، بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا پارەی جووتیاران لە رێگەی بانکی کۆبانێوە بگاتە دەستیان.
سەبارەت بە پێویستیی ساڵانەی ناوچەی کۆبانێ بۆ گەنم، لێپرسراوی سایلۆکان ئاماژەی بەوە کرد، ناوچەی کۆبانێ مانگانە پێویستی بە پێنج هەزار تۆن گەنمە بۆ دابینکردنی نان کە ساڵانە دەکاتە 60 هەزار تۆن.



