رووداو دیجیتاڵ
کایهان تورکمەنئۆغڵو، پەرلەمانتاری ئاکپارتی دەڵێ، لە دوو شوێنی پارێزگای وان گەڕان بەدوای نەوت دەستیپێکراوە و چاوەڕێی هەواڵی خۆشن.
کایهان تورکمەنئۆغڵو، پەرلەمانتاری ئاکپارتی لە بازنەی وان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بێگومان لە زۆر شوێنی تورکیادا گەڕان بەدوای نەوت هەیە. لە پارێزگای وانیش گەڕان لە دوو شوێندا دەستیپێکراوە و چاوەڕێی ئەنجام دەکەین. پشتیوان بەخوا، هەموومان بەیەکەوە ئەنجامەکەی دەبینین. چاوەڕێی هەواڵی خۆش دەکەین."
کۆمپانیای گەڕان و دەرهێنانی نەوت لە تورکیا بە 100 کارمەند و 30 ئامێر لە وان دەستی بە کارکردن کردووە.
کۆمپانیای گەڕانی کانزاکان، رۆژی 4ـی حوزەیرانی 2024 مۆڵەتی کارکردنی لە وان پێدرا بۆ ئەوەی بە درێژایی 524 کیلۆمەتر لە چوار شوێنی جیاوازدا دەست بە لێدانی بیر بکات و هەوڵی دۆزینەوەی نەوت بدات. چالاکییەکانی بۆ پێنج ساڵ بەردەوام دەبن.
ئەو ناوچەیەی هەڵکەندنی لێ دەکرێ، 25کیلۆمەتر لە شارۆچکەی بێگری سەر بە پارێزگای وان دوورە.
سەرەتا 200 تۆن خاک و خۆڵی ناوچەکە هەڵدەگرن تا دەگەنە چینێکی دیاریکراو. دواتر بۆ گەیشتن بە نەوت 1500 مەتر بیر لێدەدرێ.
مەلیح ئایدۆغان، قایمقامی بێگر دەڵێ، "لە ناوچەی مورادییە دەستکراوە بە هەوڵەکانی دۆزینەوە و دەرهێنانی نەوت و کانزا جیاوازەکان. بە پەرۆشەوە خەڵکی گوندەکە و تەواوی ناوچەکە چاویان لە ئەنجامی باشی کارەکانە."
زۆربەی کێڵگە نەوتییەکانی تورکیا لە پارێزگاکانی شرنەخ، سەمسوور، ئێلیهـ، ئامەد، سێرت، رووها و مێردینی باکووری کوردستانن کە رۆژانە نزیکەی 100 هەزار بەرمیل بەرهەم دەهێنن.
ئاڵپارسڵان بایراکتار وەزیری وزە و سامانە سرووشتییەکانی تورکیا رۆژی 01-01-2024 کاتێک سەردانی پارێزگای شرنەخی کرد، گوتی، "لە پارێزگای شرنەخ گەورەترین پرۆسەی دۆزینەوەی نەوتمان لە مێژووی کۆماری تورکیادا جێبەجێ کردووە."
کێڵگەی نەوتی گابار
تورکیا سەرەتای ئایاری 2023 دۆزینەوەی کێڵگەیەکی نەوتیی لە ناوچەی گاباری شرنەخ راگەیاند. ئەوکات کۆمپانیای نەوتی تورکیا TPAO رایگەیاند، بەرھەمھێنانی رۆژانەی نەوت لە شرناخ 70 ھەزار بەرمیلە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی 07-01-2026 رایگەیاند، بەرهەمی رۆژانەی نەوتی گابار لە 70 هەزار بەرمیلەوە بۆ 81 هەزار بەرمیل بەرزکرایەوە؛ هاوکات جەختیکردەوە کە ئامانجیانە تا کۆتایی ساڵی 2026 ئەو بڕە بگەیەننە 100 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.




