رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ پێنجشەممە، نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی جیهاندا بە رێژەی زیاتر لە 1% بەرزبووەوە و بەشێک لە زیانەکانی رۆژانی رابردووی قەرەبوو کردەوە. دابەزینی نرخی نەوت بەهۆی رێککەوتنی کاتیی نێوان ئەمریکا و ئێران، مەترسییەکانی هەڵاوسانی کەمکردووەتەوە و ئەوەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی خواست لەسەر زێڕ.
دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بە رێژەی 1.4% بەرزبووەوە و گەیشتە 4,316 دۆلار؛ ئەمە لەکاتێکدایە کە رۆژی رابردوو نرخی زێڕ بە رێژەی 1.7% دابەزیبوو. هەروەها لە گرێبەستەکانی داهاتوودا، هەر ئۆنسەیەک زێڕ بە نزیکەی 4,333 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت.
کێلڤین وۆنگ، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان لە کۆمپانیای OANDA رایگەیاند: "نرخی زێڕ پاڵپشتیی لە هەواڵە ئەرێنییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە وەرگرتووە، کە بوونە هۆی دابەزینی نرخەکانی نەوت."
رۆژی چوارشەممە، ئەمریکا و ئێران دەقی رێککەوتنە کاتییەکەیان بڵاوکردەوە. رێککەوتنە 14 خاڵییەکە، ئاگربەستەکەی مانگی نیسان بۆ 60 رۆژی دیکە درێژ دەکاتەوە تاوەکو دەرفەت بۆ دانوستاندنی کۆتایی بڕەخسێت. هاوکات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریی داوە کە ئەگەر تاران پابەند نەبێت، هێرشەکان و بۆردومانکردن دەستپێدەکەنەوە.
سەبارەت بە ئاسۆی نرخەکان، کێلڤین وۆنگ پێشبینی دەکات نرخی زێڕ نەتوانێت لە ئاستە بەرزەکانیدا جێگیر بێت، چونکە بازرگانان چاوەڕوانن بانکی ناوەندیی ئەمریکا (فیدراڵ رزەرف) دەست بکات بە بەرزکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی.
رۆژی چوارشەممە، بانکی ناوەندیی ئەمریکا بڕیاریدا رێژەی سوود لە ئاستی 3.50% بۆ 3.75% جێگیر بکات، بەڵام زۆرینەی بەرپرسانی بانکەکە (9 لە کۆی 19 بەرپرس) پێیان وایە دەبێت ئەمساڵ سوودی بانکی بەرز بکرێتەوە. بەپێی راپرسییەکان، ئێستا ئەگەری بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لە مانگی کانوونی یەکەمدا بۆ 85% بەرزبووەتەوە، لەکاتێکدا پێشتر تەنیا 61% بوو.

.jpeg&w=3840&q=75)

