رووداو دیجیتاڵ وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، رۆژانی 21 تاوەکو 25ی حوزەیرانی 2026 مووچەی مانگی ئایاری مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا دابەش دەکرێت. رۆژی پێنجشەممە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، رۆژی یەک شەممە ( 21ی حوزەیران تاوەکو رۆژی پێنجشەممە 25ی حوزەیرانی 2026) مووچەی مانگی ئایاری مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە دابەش دەکرێت کە گرێبەستن و تەمویلیان لەسەر داهاتی ناوخۆیە. وەزارەتی دارایی دەڵێت، لەهەمان کاتدا مووچەی مانگی ئایاری سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە دابەش دەکرێت لەدوای ( 07-07-2024 ) بەشێوەی گرێبەست و هەمیشەیی لەسەر میلاکی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێم دامەزراون کە شایستەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت. فەرمانبەرانی گرێبەستی خوێندنی باڵا و وەزارەتی پەروەردە دوایین مووچە کە وەریانگرت، مووچەی مانگی 4 بوو، نزیکەی 70 رۆژە مووچەیان وەرنەگرتووە.