رووداو دیجیتاڵ
بڕیارەکەی بەغدا بۆ لێخۆشبوونی گومرگی لەسەر هێلکە، مریشک و دەرمان و سیستمی وزەی خۆر لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ ناکرێت؛ وەزارەتی بازرگانی و گومرگەکانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنن کە چاوەڕێی بڕیاری فەرمیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانن.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە 21ـی تشرینی یەکەمی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تاوەکو ئێستا هیچ نووسراوێک لە ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بەدەستمان نەگەیشتووە لەبارەی هەڵگرتنی باجی گومرگی لەسەر ئەو کاڵا و مادانە".
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، لەسەر ئەو بنەمایە هیچ مۆڵەتێکی بازرگانیی لەو شێوەیە نەدراوە و ئەوان وەک وەزارەت چاوەڕێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەکەن.
هەر لەوبارەوە سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو بڕیارە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە دەرکراوە، بۆیە بۆ جێبەجێکردنی لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان، پێویستی بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانە".
ئەو سەرچاوەیەی گومرگ جەختیشی کردەوە کە دەروازە سنوورییەکان پێوەستن بە بڕیارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و "هەر بڕیارێک لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بدرێت، پێوەی پابەند دەبین".
ئەمە لە کاتێکدایە کە رۆژی سێشەممە، دەستەی گشتیی گومرگی عێراق دەستپێکردنی جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵی بۆ سفرکردنەوەی باجی گومرگی لەسەر هێلکە، مریشک، ئاژەڵی زیندوو و دەرمانی هاوردەکراو راگەیاند، کە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ بەردەوام دەبێت.
سامر قاسم داود، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گشتیی گومرگی عێراق رایگەیاند: "دەستەکە رێکاری پێویستی لە سەرجەم خاڵ و ناوەندە گومرگییەکان گرتووەتەبەر بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە، بە شێوازێک کە هێنانی ئەو پێویستیانە بە ئاسانی جێبەجێ بکرێ و رێکارەکانی ترانزێت و پاکتاوی گومرگی بەپێی رێنماییە کارپێکراوەکان خێراتر بکرێن".
لە کۆبوونەوەی ئێوارەی رۆژی 13ی تشرینی یەکەمی 2026دا ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا مادە خۆراکییەکان و دەرمانی هاوردەکراو لە باجی گومرگی ببەخشرێن، لە رێککەوتی 7ـی تشرینی یەکەمی 2026ـەوە.
هەروەها لە دانیشتنی ئێوارەی سێشەممە 20ی تشرینی یەکەمی 2026 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا باجی گومرگی لەسەر سیستمەکانی وزەی خۆری هاوردەکراو بۆ عێراق بە تەواوی بکرێتە سفر. بەگوێرەی راگەیێندراوی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق "ئەم بڕیارە وەک پشتیوانییەکە بۆ کەرتی تایبەت و هاندانی هاووڵاتییان بۆ کڕین و بەکارهێنانی سیستمەکانی وزەی خۆر و پاک لە سەرانسەری وڵات".
ئەو رێکارانە لە کاتێکدایە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، رۆژی 6ی تشرینی یەکەمی 2026 لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا بڕیاری دا نرخی ئاڵوگۆڕی دینار بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی بگۆڕێ و نرخی فرۆشتنی هەر دۆلارێک بۆ هاووڵاتییان بە 1520 دینار دیاری بکات و لە حەوتی هەمان مانگەوە کاری پێکرا.
ئەو بڕیارە و نرخی کاڵا و خۆراکی بەرزکردەوە.
ئارام بابان، ئەندامی ئەنجوومەنی کارگێڕیی ژووری بازرگانیی سلێمانی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەگەڵ بڕیاری دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار، هەموو شتێک لە عێراق و هەرێمی کوردستان گران بووە، چونکە دۆخەکە بە جۆرێکە هەر کاڵایەک پێشتر 100 هەزار بووبێت، دەبێتە 112 هەزار دینار."

.jpg&w=3840&q=75)