رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، تێکڕای بەرهەمهێنانی نەوتی خاو گەیشتووەتە نزیکەی 4 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، کە لەو بڕە نزیکەی 3 ملیۆن بەرمیلی هەناردە دەکرێت؛ هاوکات ئاماژە بەوەش دەکات کە بڕی نەوتی هاتوو لە هەرێمی کوردستانەوە ناجێگیرە و بەردەوام لە هەڵکشان و داکشاندایە.
سەلیم روکابی، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە (21ی تشرینی یەکەمی 2026) لە لێدوانێکیدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، نوێترین داتاکانی بەرهەمهێنان، هەناردەکردن و بەکاربردنی سووتەمەنیی لە عێراق خستەڕوو.
گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق لەبارەی ئاستی بەرهەمهێنان و هەناردەکردن گوتی: "تێکڕای بەرهەمهێنانی نەوت لە عێراق لە سنووری 4 ملیۆن بەرمیلی رۆژانەدایە، لە کاتێکدا تێکڕای هەناردەکردنی رۆژانە دەگاتە نزیکەی 3 ملیۆن بەرمیل".
سەلیم روکابی لەبارەی دابەشبوونی دەروازەکانی هەناردەکردنەوە روونیکردەوە کە رۆژانە لە نێوان 2.6 بۆ 2.7 ملیۆن بەرمیل لە رێگەی دەروازە و بەندەرەکانی باشووری وڵاتەوە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەکرێت، بڕەکەی دیکەی کە دەمێنێتەوە لە رێگەی دەروازە و هێڵەکانی باکوورەوە ( هەرێمی کوردستان) رەوانە دەکرێت.
دۆخی نەوتی هەرێمی کوردستان
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بۆ رووداو، گوتەبێژی وەزارەتی نەوت تیشکی خستە سەر دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان و راگەیاند: "ئەو بڕە نەوتەی لە هەرێمی کوردستانەوە هەناردە دەکرێت، جێگیر نییە و بە بەردەوامی لە هەڵکشان و دابەزیندایە".
لە رێگەی بۆڕیی نەوتی هەرێمی کوردستان، نەوتی هەرێمی کوردستان؛ نەوتی کەرکووک و بەشێکی نەوتی بەسرە هەناردە دەکرێت، کە بە تانکەر لە بەسرە بۆ کەرکووک دەگوازرێتەوە و لەوێوە لە رێگەی بۆڕی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان هەناردە دەکرێت.
سەلیم روکابی، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق رۆژی 30ی ئەیلوولی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "عێراق ئێستا رۆژانە نزیکەی 2 ملیۆن و 650 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکات."
گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق روونیکردەوە، لەو بڕە، بە تێکڕا 2 ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل لە رێگەی بەندەرەکانی باشوورەوەیە و 250 هەزار بەرمیلیش لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە هەناردەی بەندەری جەیهانی تورکیا دەکرێ، کە 140 هەزار بەرمیلی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان و 40 هەزار بەرمیلیشی لە کێڵگەکانی کەرکووکەوەیە، رۆژانەش 70 بۆ 100 هەزار بەرمیل نەوتی بەسرە، (کە رۆژانە بڕەکەی دەگۆڕێت) رەوانەی کەرکووک دەکرێت بۆ ئەوەی هەناردە بکرێت.
.jpg&w=3840&q=75)
